میدیاکارانی یەکێتی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی بەکۆمەڵ دەکەن

لەسەر پێشنیارێکی ستران عەبدوڵڵا بۆ بافڵ تاڵەبانی، دەیان ڕۆژنامەنووسی یەکێتی هەڕەشەی دەست لە کارکێشانەوە دەکەن

بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی پێشنیاری بۆ بافڵ تاڵەبانی کردووە، کەناڵی گەلی کوردستان و کەناڵی کەرکووک دابخرێن و کەناڵێکی عەرەبی بکرێتەوە کە بارەگاکەی لە کەرکووک بێت، پێشنیارەکە ناڕەزایی لێ کەوتووەتەوە، کارمەندانی دوو دەزگاکەی یەکێتی دەنگی ناڕەزایەتییان لێ کەوتەوە.

سەرچاوەیەک بە دەزگای میدیایی خواکوڕکی گوت، مانگێکە ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی، پرۆژەیەکی داوەتە بافڵ تاڵەبانی بۆ داخستنی کەناڵی گەلی کوردستان و کەرکووک، هەروەها ڕاگرتنی بودجەی پەیج و سایت و میدیاکانی سلێمانی کە لەلایەن کەسانی جیاجیاوە بە ڕێوە دەبرێن، بۆ ئەوەی یەکێتی پلانێکی نوێ جێبەجێ بکات.

بەپێی زانیارییەکانی دەزگای میدیایی خواکوڕک ، بافڵ تاڵەبانی ڕازی بووە بە پێشنیارەکەی ستران عەبدوڵڵا کە داوای کردبوو مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکیتی هەڵبوەشێتەوە و دووبارە هەیکەلەکەی دابڕێژرێتەوە و بەرپرسی نوێ بۆ بەشەکانی دیاری بکرێت و گۆڕانکاری لە بنەڕەتەوە بکرێت، و ئەوانەی پێشتر کاریان بۆ لاهور جەنگی کردووە بە یەکجاری دوور بخرێنەوە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ستران عەبدوڵڵا داوای کردووە هەر دوو کەناڵی گەلی کوردستان و کەرکووک دابخرێن و بکرێنە یەک کەناڵی عەرەبی و بارەگاکەی لە کەرکووک بێت، لەگەڵ ڕادیۆیەکی عەرەبی تایبەت بە مێژووی یەکێتی.

هەرچەندە بافڵ تاڵەبانی ڕازی بووە بەو پێشنیارە، بەڵام لەلایەن میدیاکارانی یەکێتی و ستافی ڕۆژنامەوانیی بافڵ تاڵەبانی و لێپرسراوی بەشەکانی مەکتەبی ڕاگەیاندن، ناڕەزایەتی زۆری لێ کەوتووەتەوە و هەڕەشەی دەست لە کارکێشانەوەی بە کۆمەڵ و کاردانەوەی توندیان کردووە.

هێشتا تای لاهور جەنگی یەکێتیی بەرنەداوە، بەتایبەت کە پێشتر بەشێکی زۆر لەو میدیاکارانەی یەکێتی کاریان بۆ ناوبراو کردووە. پێ دەچێت پێشنیارەکەی ستران عەبدوڵڵاش لە نانبڕینێکی ترەوە سەرچاوە بگرێت کە ڕووبەڕووی میدیاکارانی حیزبەکە ببێتەوە.

Back to top button