جووتیارێکی کەلار بۆ قوباد تاڵەبانی: زەوییەکانمان چۆڵ ناکەین، مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا بڕۆن

لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو بەرپرسانی یەکێتی دەستیانی بەسەر داهاتی ناوخۆی سنووری سلێمانی داگرت و زەوییە گرانبەهاکانی ئەو سنووریان بەسەر دەست و پێوەن دە کانیان دابەش کرد، لە ئێستادا لە هەوڵدان زەوییە کشتوکاڵی و گرانبەهاکانی قەزای کەلار دەست بەسەر دابگرن، لەسەر کۆمپانیاکانی خۆیان تاپۆ بکەن.
مەهدی سەلیم ڕەزا، جووتیارێکی خەڵکی کەلارە لە بارەی هەوڵی دەست بەسەر داگرتنی زەوییەکانیان لە لایەن بەرپرسانی یەکێتی ڕای گەیاند: ئێمە زیاتر لە 150 جووتیارین لە سنووری کەلار، ساڵانێکی زۆرە سەرقاڵی کاری کشتوکاڵین، بەڵام ئێستا چەند بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی گەرمیان کە دە لاڵی بۆ قوباد تاڵەبانی دەکەن، ژێر بە ژێر دەیانەوێت زەوییەکانمان داگیر بکەن و بیدەن بە دوو کۆمپانیای نزیک لە قوباد تاڵەبانی، بەڵام ئێمە ئەوە قبووڵ ناکەین و هەڵوێستی خۆمان دەبێت، چونکە بە سەدان خێزان لەسەر ئەو زەوییە کاری کشتوکاڵی دەکەن و بژێویی ژیانیان دابین دەکەن.
ئەو جووتیارە ئاشکراشی کرد، جگە لە کۆمپانیاکانی قوباد تاڵەبانی، ژمارەیەک بەرپرسی حکومیی کەلار و ئۆرگانێکی باڵای حیزبیی یەکێتی لە دەڤەرەکە، چاویان بڕیوەتە زەوییەکانمان و دەیانەوێت داگیری بکەن.
ئەو جووتیارە دەشڵێت: لە ئاستی ئەو گەندەڵی و داگیرکەرییەی یەکێتی کە دەیانەوێت زەوییەکانمان داگیر بکەن بێدەنگ نابین، لێرەشەوە هۆشداری دەدەینە یەکێتی، نزیکەی هەزار خێزانین، زەوییەکانمان داگیر بکرێت سزای یەکێتی دەدەین. زەوییەکانیشمان چۆڵ ناکەین، مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا بڕۆن.
هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئەگەر وازیان لێ نەهێنن، لە دادگای هەولێر و لە دادگای بەغدا سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەین.
Back to top button