دادگای هەولێر بۆ یەکێتی : لاهور جەنگی و بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتین
بەپێی بڕیاری کۆتایی دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، کە لە نووسراوێکدا بە ژمارە 191 رۆژی دووشەممە 20ـی شوباتی 2023 ئاراستەی “یەکێتیی نیشتمانی کوردستان”ی کردووە، لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکرێت، بەو پێیەش لاهور جەنگی بورهان “هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە.”
لە نووسراوەکەی دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر هاتووە: “ئاماژە بە نووسراومان ژمارە 104 لە رۆژی 1-2-2023، کە ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق – بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ڕێکخراوە سیاسییەکان لە بەغدا کراوە و نووسراوی کۆمیسیۆنی سەرەوە بە ژمارە (ش.ح.خ-س-6) لە 7-2-2023 کە ئاڕاستەی ئەم دادگایە کراوە لە ڕێگەی (نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە بەغدا و ئاماژە بە نووسراوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان – سەرۆکایەتی ژمارە 14 لە 21-2-2023 کە ئاراستەی ئەم دادگایە کراوە و کۆنووس و پەیڕەو و پرۆگرامی ناوخۆی حزبی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە چوارەمین کۆنگرەی خۆیاندا لە رۆژی شەممە ڕێکەوتی 21-12-2019 پەسندکراوە و دیاریکراوە کە ئەم حزبە دوو هاوسەرۆکی هەیە، هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و لاهور جەنگی بورهان بە پەسندکراوی بەدەستمان گەیشتووە، بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم حزبە دەکرێت و هەر زانیارییەکی دیکە هەبێت لەسەر ئەم بابەتە پێویستە بەنووسراو ئاگادارمان بکەنەوە.”