حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گوژمەی 66 ملیۆن دینار پرۆژەیەكی كارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان جێبەجێ دەکات
حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریی كارەبا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەردەوامە و ئەم جارەیان پرۆژەیەكی تر بە گوژمەی 66 ملیۆن دینار جێبەجێ دەكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22/2/2023 ، ئالان ئەركان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای گەرمیان، ڕاگەیاند: ”بە گوژمەی 66 ملیۆن دینار، پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی كارەبای گوندی قولەبەرزی سەر بە ناحیەی پێباز، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لەسەر بودجەی ڕێژەی 8% داهاتی كارەبا و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دابەشكردنی كارەبای كەلارەوە ئەو پرۆژەیە جێبەجێ دەكرێت.”
گوتیشی: تۆڕی كارەبای ئەو گوندە زۆر خراپ بوو، كۆن بوو، تۆڕی كارەبا كەشیان كاتی خۆی زۆربەی خەڵكی گوندەكە خۆیان كردوویانە، بۆیە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەبوو، بە تەواوكردنی ئەو پرۆژەیە چیتر كێشە و گرفتی كارەبای ئەو گوندە چارەسەر دەبێت.”