روونكردنەیەک لەبارەی بڕینی بەشەخۆراكی بەشێك لە مووچەخۆران
بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد، گۆڕانكاری لە چۆنیەتیی بڕینی بەشەخۆراكی هەندێك لە مووچەخۆراندا كراوە و ئەوەی مووچەی دوو ملیۆن دینار بێت، بەشە خۆراكی دەبڕدرێت.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: بڕینی بەشەخۆراكی مووچە بەرزەكان، پێشتر ئەوانەی دەگرتەوە، كە مووچەیان یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار بوو، ئێستا بڕیارەكە گۆڕاوە و بووەتە دوو ملیۆن دینار، بەڵام هێشتا نووسراوی فەرمی نەهاتووە، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
هەروەها گوتیشی: ئەو كەسانەی بەشەخۆراكی مانگانەیان دەبڕدرێت، پسوولەی خۆراكیان هەر دەمێنێتەوە، بەڵام بەشەخۆراكیان رادەگیرێت، زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە، كە پلە تایبەتن و بارودۆخیان باشە.
پێشتر کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاندووە: ئەو کەسانەی مووچەکانیان بەرزە، یان بازرگانن، بەشەخۆراکی مانگانەیان دەبڕدرێت و نووسراومان بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بۆ ئەوەی لیستی ناوەکانیان بۆمان بنێرن، هەرکات لیستی ناوەکانیان بەدەست بگات، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراکی ئەو کەسانە جێبەجێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەكانی دەزگای میدیایی خواکوڕک، لە پارێزگای دهۆك و هەولێر و سلێمانی، زیاتر لە دوو هەزار خێزان بەشە خۆراكیان بڕدراوە، ئەوانەش لە بەغدا دەوام دەكەن و مووچەكانیان لەسەر بەغدایە، بەڵام خەڵكی هەرێمی كوردستانن. بەپێی بڕیارەکە ئەوانەی بەشە خۆراكیان بەهۆی بڕیاری پێشوو بڕدراوە، جارێكی دیكە بۆیان دەگەڕێتەوە، ئەویش بەو مەرجەی، خۆیان سەردانی فەرمانگەی دابەشكردنی خۆراك بكەن.