مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵ و ئامادەکارییەکانی یاسای نەوت و گازی فیدراڵ تاوتوێکرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 22/2/2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیمارات و جیهان، هەروەها سەردانی فەرەنسا و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی باڵای دیکەی فەرەنسا خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران و ئەندامانی شاندەکە، ئاماژەیان بەوەدا کە لە هەر دوو وڵاتدا، لە ئاستێکی زۆر باڵا، پێشوازی لە شاندی هەرێم کرا کە ئەمەش نیشانەی پێگەی گرنگ و بەهێز و پێشکەوتنی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانە لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.

هەروەها سەرۆک وەزیران روونیکردەوە کە لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهات و دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە کرا.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ شاندی دانوستانی حکومەتی فیدراڵ لە ڕۆژی 2/19 سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و گازی ئیتیحادی، کە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی و ئەندامانی شاندەکە خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە شاندی هەرێم، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستان و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەین بۆ هەر هاوئاهەنگی و هاریکارییەک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، چونکە چارەسەرنەکردنی کێشەکان، زیان بە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق دەگەیەنێت.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی نابێت.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا هەردوو تیمی هەرێمی کوردستان تایبەت بە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ و پڕۆژە یاسای نەوت گاز، سبەی سەردانی بەغدا بکەنەوە، بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان لە پێناو تەواوکردنی دوا هەنگاوەکانی دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و هەروەها تاوتووێ کردنی ئامادەکارییەکانی پڕۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵ.

لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، رەشنووسی پڕۆژە یاسای (ڕێگاوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان) لە لایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە خرایەڕوو کە ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە پاراستنی سەلامەتی پێکهاتەکانی ڕێگاوبانە گشتییەکان و چاککردنەوەیان و ڕێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەریان و هەروەها دیاریکردنی قەدەغەکراوی ڕێگاوبانە گشتییەکانە.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاردرا پڕۆژە یاساکە زیاتر دەوڵەمەند بکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ڕاوسەرنجەکان، بەمەبەستی ئامادەکردنی بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران و پاشان پەسەندکردنی و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان.

Back to top button