بەختیار کاوانی: ئەگەر ئەوانە مام جەلالیان لەبیر بێ نایەن لە ھەولێر، ماڵ و منداڵی کادیرەکانی خۆیان بتەقێننەوە و تیرۆریان بکەن

بەختیار كاوانی، كارگێری پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، كە شەوی ڕابردوو بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە هێزێك هەڵی كوتایە سەر ماڵەكەی، دووپاتی دەكاتەوە كە ئەوانەی لەگەڵیاندا دەركەوتووە، پیاو و بە هەڵوێستن و خۆشی دەوێن.

بەختیار جەمیل کاوانی، كارگێری پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایگەیاند: ھاوسەر و منداڵەکەم بەمەبەستی چارەسەریی پزیشکی گەڕاونەتەوە بۆ سلێمانی، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیاندا لەبەردەم ماڵەکەمدا چوار ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەکداری یەکێتی کە زانیویانە سەیارە لەبەردەم ماڵەکەمدایە وایان زانیوە خۆم لە ماڵەوەم ھەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەم دوای ئەوەی خزم و کەسوکار و دراوسێکانم خێزان و منداڵەکەمیان دەرباز کردووە، ئەو ھێزە کاتێک زانیویانه‌ ماڵه‌كه‌ کەسی لێ نییە بە بارھەڵگر ئۆتۆمبێلەکەیان به‌رەو دەباشان بردووە.

گوتیشی: ئەو ھێزەی ھەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەم بەبێ بڕیاری دادوەر ئەو کارەیان کردووە و ھێزی دەزگای زانیاری و سکرتاریەتی بافڵ تاڵەبانی بوون، بەڵام سەلامەتی خێزان و منداڵەکەم کە تەمەنی ١٦ ساڵە لە ئەستۆی قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانیدایە، چونکە نە خۆم و نە ھاوسەر و منداڵەکەم ھیچ تاوانێکمان نەکردووە تاوەکوو بە ھێزی ئەمنی ھێرش بکەنە سەرمان.

بەختیار جەمیل کاوانی، ئاماژەی به‌ ئه‌وه‌ش دا: بەو تیرۆر و تۆقاندنەی ناو یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی، ڕازی نەبووین و ڕازی نابین، چونکە دیکتاتۆریی قبوڵ ناکەین، ئێمە خاوەنی ڕاستەقینەی یەکێتین من زیاتر لە ٤٠ ساڵە لەنێو یەکێتی ڕاکەڕاکمە و دۆستی مام جەلال بووم، ئەگەر ئەوانە مام جەلالیان لەبیر بێ بە ھێزی چەکدارەوە ھێرش ناکەنە سەر کادیری خۆیان و نایەن لە ھەولێر، ماڵ و منداڵی کادیرەکانی خۆیان بتەقێننەوە و تیرۆریان بکەن.

Back to top button