حکومەت لە رێگای پڕۆژەیەکەوە ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە قەڵادزێ دابین دەكات
پڕۆژەی ئاوی “خاس” لە قەڵادزێ یەكێكە لە پڕۆژە گەورەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بە مەبەستی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە سوود لە ئاوی زێی بچووك وەردەگرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەو پڕۆژەیە لە یەك سەعاتدا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و ئێستاش رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات.
ئەو شوێنانەی لە قەڵادزێ لێی سوودمەند دەبن، بریتین لە گەڕەكەكانی هەنارۆك، گوندی حەسار، شەهیدانی ئاشتی، فەرمانبەران، گربداخ، مامقاسمە، ناو بازاڕی شاری قەڵادزێ، هەوارەبەرزە، راپەڕین، ئاسۆس، سەرنێڵ، شەهیدان، خانەقا، بنقەڵات، كارەبا، جوتكانیان، لیواو، هەنارۆكی سەروو، دەروازەی شاری قەڵادزێ، چۆمخڕكە.
پڕۆژەكە ساڵی 2013 تەواو كراوە و دوای 25 ساڵ لە ئیشكردنی، بە مەبەستی دابینكردنی ھەزار و 400 مەتر سێجا ئاو لە یەك سەعاتدا دەتوانرێت فراوانتر بكرێت و بەوەش كۆی ئاوی بەرهەمهاتوو لە پڕۆژەكەدا دەبێتە چوار ھەزار و 200 مەتر.