تیمی فریاگوزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان 5 هەزار برینداری بوومەلەرزەکەیان چارەسەر کردووە
دوای 13 رۆژ مانەوە لە ناوچە زیانبەرکەوتووەکانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، تیمە فریاگوزارییەکەی حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە 19ی شوباتی 2023 گەڕانەوە هەرێمی کوردستان و لە لایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێشوازییان لێ کرا.
فەرمانگەی میدیا‌و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری چالاکییەکانی ئەو تیمە فریاگوزارییەی بڵاوکردەوەو رایگەیاند،” ئامانج لە چوونی ئەو تیمە فریاگوزارییە لە 6ی شوباتی 2023 بۆ ناوچە زیانبەرکەوتووەکان، بههاناوەچوونی بریندار و زیانلێکەوتووانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه بوو کە ئەم تیمەش لە 82 پزیشک و کارمەندی تەندروستی و ناوخۆ پێک هاتبوون کە لە ڕێگەی 35 ئەمبوڵانس و 4 نەخۆشخانەی گەڕۆک و چەندین بارهەڵگر و ئامێری پێویستەوە، ڕۆژانە و 24 کاتژمێر دەرمان و چارەسەری فریاگوزارییان پێشکەش بە برینداران و لێقەوماوان دەکرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە 5 هەزار هاوڵاتی چارەسەریان بۆ کرا.
د. ڕهعەد نه‌جمه‌دین، سه‌رۆكی تیمی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان، لەبارەی ئامانجی چوونیان بۆ رۆژئاوا و باكووری كوردستان، بە پێگەی فەرمیی حكومەتی راگەیاندووە: “لە رێگەی تیمە دیاریكراوەكانمانەوە، به زووترین كات به هانای برینداران و لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌وه چووین و بە هەماهەنگى لەگەڵ ده‌زگای (ئافاد)، به دوای ئه‌و هاوڵاتییانه‌دا ده‌گه‌ڕاین كه له ژێر داروپه‌ردووی باڵه‌خانه داڕووخانهوهكان گیریان خواردبوو”.
تیمەکەى هەرێمى کوردستان، لە شارۆچكه‌ی ئیسڵاحییه له دیلۆكی باكووری كوردستان، به شێوه‌ی 24 كاتژمێری به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و خێزانانه ده‌كرد كه ڕزگاریان ببوو، به‌ڵام بێ په‌ناگه و شوێن بوون و له‌نێو خێوه‌ت و ئۆتۆمبێل ده‌مانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رمان و چاره‌سه‌ری پێویستیان پێ بگه‌یێنرێت، كه ژماره‌یه‌كی زۆری منداڵیان تێدابوو.
سه‌رۆكی تیمی فریاگوزاریی تەندروستی هه‌رێمی كوردستان، بۆ خستنەڕووی زانیاریی زیاتر و لەبارەی ئەرك و كارەكانیان لەم هەڵمەتەدا، ئاماژەی بەوە كرد کە وه‌ك تیمی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، یه‌كه‌م تیم بوون گه‌یشتنه ناوچه زیانلێكه‌وتووه‌كان؛ و لە 13 رۆژی مانەوەیان و کارکردنى سێ شیفتى “چارەسەرى پزیشکى سەرەتاییمان پێشکەش بە زیاتر لە 5 هه‌زار هاوڵاتی نەخۆش كرد و زیاتر له 70 ته‌رم و دەیان هاوڵاتیشمان له ژێر باڵه‌خانه‌كاندا ده‌رهێنان و رزگار كردن”.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی ڕێختەر، کە چەقەکەیان لە مەرەشی باکووری کوردستان بوو، چەندین پارێزگا و شار و ناوچەی باکوور و رۆژئاوای کوردستانی گرتەوە. دوای بوومەلەرزەكە، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، بۆ بەهاناوەچوون و هاوكاریی لێقەوماوان، بۆ ناوچە زیانبەركەوتووەكان ڕاسپێردران.