پارتی: دهگهڕێینهوه كهركووك و سهرجهم بارهگاكانیشمان دهكهینهوه
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بەپێی رێککەوتنی روون و راستەخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق دەستدەکەین بە کردنەوەی سەرجەم بارەگاکانیان لەکەرکووک.
لە راگەیێندراوێکدا، مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە وێنەیەکی داوە بە دەزگای میدیایی خواکوڕك رایگەیاند: “ماوەی جارێک راگەیێندراوی گرژی پڕ لە دەستەواژەی هەڕەشەکردن و بەڵێندان لە دژی ئاسایش و سەقامگیریی کەرکووک بڵاودەکرێنەوە کە لە رێگەیەوە هەندێک گرووپ کە هیچ نوێنەرایەتییەکی سیاسییان بەکردەیی نییە، دەیانەوێت هەنگاوەکانی ئاشتی، کە دەبنە هۆکاری بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتیی بەردەوام لە پارێزگاکە لەبارببەن.”
لە راگەیێندراوەکە ئەوەش هاتووە: “ئەو گرووپە لاوازانە بەکۆمەڵێک گوتاری لاوازی ئاستنزم کە هیچ پەیوەندییان بە واقیعی سیاسیی و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەوە لە کەرکووک نییە و پشت بە هیچ پارسەنگێکی هێز لەسەر خاک نابەستێت، گوزارشت لە کۆمەڵێک ئەجێندا دەکەن کە بەرژەوەندیی بەرتەسک و بۆچوونی شۆڤێنی دەیانجوڵێنێت و بە پشتیوانی لایەنی دیار.”
هەروەها مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک و کردنەوەی بارەگاکانی دەشڵێت: “دەمانەوێت سەرجەم پێکهاتە ئازیزەکانی کەرکووک دڵنیابکەینەوە کە پارتی دیموکراتی کوردستان سەرجەم بارەگاکانی دەکاتەوە و لە رێگەی رێککەوتنی روون و راستەوخۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق، لە رێگەیەوە کار بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکەین و ئەو دەنگە دەنگانە لە ئامانجەکانمان دوورمان ناخەنەوە و ئێمە و پێکهاتەکانی کەرکووک رووبەڕووی هەر گرووپێک دەبینەوە کە هەوڵی هەڕەشەکردن لە ئاشتی کۆمەڵایەتی کەرکووک بدات.”
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەش هاتووە، ” ئەوان شارەکەیان لە مەترسیی داعش پاراستووە لە سەختترین بارودۆخدا و ناوچەکانیان لە دەستی داعش دەرهێناوە، بۆیە رۆڵەکانی کەرکووک رێگە بەکەس نادەن یاری بە ئاسایش و سەقامگیریی شارەکەیان بکات.”