یەکێتی هەڕەشەی تێکچوونی پەیوەندییە سیاسییەکانی دەکات لەگەڵ یەکگرتوو

زیاتر لە دوو هەفتەیە لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق بێ سەرۆکە، بەهۆى یەکلانەبوونەوەى هەڵبژاردنى ناوخۆیی ئەو لیژنەیە کە دوو پەرلەمانتارى کورد رکابەرى لەسەر دەکەن، سەرەڕاى ئەوەى دوو گەڕى هەڵبژاردن کراوە، بەبێ ئەوەى هیچ کامیان 50 کۆ یەکى دەنگەکان بەدەستبهێنن.
رکابەرى بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکى لیژنەکە لەنێوان دوو پەرلەمانتارى کوردە، کە ئەندامى لیژنەکەن کە ئەوانیش، دیلان غەفوور، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان و موسەننا ئەمین، ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتوویى ئیسلامیى کوردستانن، رۆژی 8ـى شوبات دوو گەڕى یەک لەدواى یەکى هەڵبژاردن لەنێو ئەندامانى لیژنەکە کرا، لە هەردووکیاندا موسەننا ئەمین بەدەنگێک لەپێش رکابەرەکەیەوە بووە، بەڵام دەبێت بەربژێرى سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە نۆ دەنگ بەدەست بهێنێت.
لیژنەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق لە 16 ئەندام پێکدێ، بەڵام ئەو رۆژەى هەڵبژاردنەکەى تێدا کراوە، سێ ئەندامیان لە گەشتى دەرەوەى وڵات بوون و ئامادە نەبوون.
موسەننا ئەمین، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى عێراق گوتی: “لەگەڕى یەکەمی دەنگدان پێنج بە شەش دەنگ بووین و لە دووەمیشیان شەش بە حەوت دەنگ بووین، بەڵام سەرۆکایەتیى پەرلەمان دەڵێت، پێویستە بە دەنگى 50 کۆ یەک ئەو پۆستە یەکلابکرێتەوە، بەڵام دەبووایە لە گەڕى دووەمدا بەزۆینەى 50 کۆ یەک نەبێت و وەک هەڵبژاردنى گەڕى دووەمى سەرۆککۆمار، بەدەنگى زیادە بێت، پێیان راگەیاندووین کە بەم نزیکانە گەڕێکى دیکەى دەنگدان دەکەین، بەڵام دیارینەکراوە کە کەی دەبێت.”
دیلان غەفوور، ئەندامى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و بەربژێرى یەکێتى بۆ پۆستى سەرۆکى لیژنەکە بە رووداوى گوت: “بەگوێرەى رێککەوتنى سیاسى، سەرۆکى ئەو لیژنەیە پشکی یەکێتییە، ئەگەر رێککەوتنەکە بەوشێوەیە نەبێت، کاریگەریى لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکان دەبێت.”