یەکێتییەکانی هەولێر پەیامێکی توند دەدەنە بافڵ تاڵەبانی

جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێر و کۆمەڵێک کارگێر ناڕەزایەتی تووند ئاڕاستەی سەرکردایەتی یەکێتی دەکەن

جێگری بەرپرسی مەڵبەند: کارەکە ھێندە نەزانانەیە ئێمەش سەرمان سورماوە.

دەقی ناڕەزایەتییەکە:

بۆ بەرێز ــ سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

بابەت / ناڕەزایەتی تووند

من وەک قادر حکیم جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێری یەکێتی و کۆمەلێک لە کارگێر و ئەندامانی بەرێزی مەڵبەندەکەمان نارەزایەتییەکی تووندمان لە بریارەکانی مەکتەبی ڕێکخستن و لیژنەی ڕێکخستنەوەی ئۆرگەنەکان ھەیە کە بەبیانووی دووبارە چاککردن و رێکخستنەوە سەدان و بگرە ھەزاران ئەندام و کادری دلسۆز و ماندووی ئەم حزبەیان دوورخستوەتەوە .

کارەکە ھێندە نەزانانەیە کە ئێمەش سەرمان سورماوە و نازانین چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و چۆن بەری ڕەنجی دەیان ساڵمان دەسووتێنن و ئێمەش تەنھا بینەرێکی بێ دەسەڵاتین.

دوورخستنەوەی بەئەنقەست و بێ بەڵگە و بیانووی سەدان و ھەزارن یەکێتی و تێکۆشەر ھیچ بیانوویەکی نیە جگە لە بوونی ڕقێکی شەخسی پرسی ململانیی ناشەریفانە و ھەوڵی خۆ بردنە پێشی ھێندێک لەسەر حسابی ھێندێکی تری ماندووی دڵسۆز.

ئێمە سەرەتا ھەڵوێست و پاشان ڕێگا و ڕێککاری زۆر تووند و چاوەروان نەکراو دەگرینە بەر ئەگەر بەزوویی بەر بەو ھەڵمەتە نارەوای دوورخستنەوەی خەڵکانی دڵسۆز و ماندوو نەگیرێت و دواتریش سەرکردایەتی بە بەرپرسی سەرەکی دۆخەکە دەدەینە قەڵەم و تاوانی ھەر کاردانەوەیەک دەخەینە گەردنیان بۆ مێژوو.

قادر حەکیم جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ھەولێر و کۆمەڵێک کارگێر

Back to top button