بانکی ناوەندی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەکان چەند ڕێنوێنییەکی بڵاوکردەوە

 

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو بانكی ناوەندی عێراقی چەند رێكارێكی نوێی گرتە بەر بۆ جێگیركردنی بە های دیناری عێراقی بەرامبەر دیناری ئەمریكی، ئەمڕۆ چەند رێنویێنەكی نوێی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بڵاوكردەوە.

 

عەلی موحسین عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی تەناهی، چەند رێنوێنییەكی نوێی راگەیاند، لەوانە گواستنەوەی دینار ودۆلار لە ناوەوەی عێراق رێگەپێدراوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی بانكەكە، عەلاق پێشوازی لە ژمارەیەك فەرماندەی تەناهی و خاوەن كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو كردووە، ئەوان باسی  رێوشوێنەكانی بانكی ناوەندی و دەزگا تەناهییەكان كردووە، بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی رێنوێنییەكانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و لە دیدارەكە ئەو رێنوێیانە راگەیەندران:

  • بانكی ناوەندی تاكە لایەنی بەرپرسە لە چاودێریكردن و پشكنینی بانكەكان و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو و دامەزراوە داراییە جگە لە بانكییەكان، كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە مۆڵەتیان هەیە.

 

  • گواستنەوەی دراو بە دینار و دۆلار یان هەر دراوێكی تر لە ناوەوەی عێراقە رێگەپێدراوە، بۆ كەسانی ئاسایی یان پێوەندیدار، لەوانە بانك و كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕكردنی دراو و لقەكانیان لە پارێزگاكان.

 

  • بە مەبەستی دەركردنی پارەی كاش لە رێگەی سنوور و دەروازەكانەوە، كە بڕەكەی لەوەی بە رێنوێنی بانكی ناوەندی كە 10 دۆلارە دیاری كراوە زیاترە، لایەنە تایبەتە تەناهییەكان چاودێری ئۆتۆمبێلەكان دەكەن و لەسەر رێگەكان بەرەو سنوورەكان پشكنینیان بۆ دەكەن، بۆ رێگرتن لە كاری قاچاغی و وەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانكی ناوەندی و گەڕاندنەوەی پارە دۆزراوەكان و ژمارەكانیان بۆ بانكی ناوەندی.

 

  • ئەو پارەی لە رێگەی بانكەكان و لقەكانیان رەوانە دەكرێت، بەڵگەنامەی لایەنی رەوانەكاری لەگەڵدا بێت، كە زانیاری لەبارەی لایەنی رەوانەكار و ئەوەشی بۆی رەوانەكراوە لەخۆ بگرێت، لەكاتی داواكردنی لە بازگەكان دەبێت پێشكەش بكرێت، لە حاڵەتی بوونی گومان یان پێویستی دڵنیابوونەوە، پێوەندی بە فەرمانگەی چاودێری ئاڵوگۆڕی دراو لە بانكی ناوەندی دەكرێت.

 

  • لە حاڵەتی دەستوەردان لە كارەكانی بانك و كۆمپانیاكان یان ئەنجامدانی رێوشوێنەكانی پشكنینی هەرەمەكی بۆیان، ئەوان بانكی ناوەندی ئاگەدار دەكەنەوە.
Back to top button