مووسا ئەحمەد: تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا ئێستا لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانن
ئەمڕۆ شەممە 25ـی 2ـی 2023، مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تا ئێستا تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی هاوکاری و خزمەت بە زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانن.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گوتیشی: زۆربەی دامودەزگاکانی تورکیا خوازیاری مانەوەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بوون بۆ ئەوەی هاوکاریی زیانلێکەوتوانی بوومەرزەکەی بکات، بۆیە تاکوو ئەو کاتەی خەڵکی ئەوێ پێویستیان بە ئێمە بێت، لەوێ دەمێنین و تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی تا ئێستا لە دیاربەکر و مەرەش و ئەدیامان و ئورفا و بەتایبەتی لە عەنتاب (دیلۆک) ماون و بە پشتیوانیی جەنابی سەرۆک بارزانی وەکوو چۆن لێرە کار بۆ خەڵکی خۆمان دەکەین، لەوێش بە هەمان شێوە خزمەتی خەڵکی لێقەوماو و زیانلێکەوتوو دەکەین.
مووسا ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا: لە رۆژئاوای کوردستانیش هەوڵ دەدەین لایەنە فەرمییەکان مۆڵەت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بدەن تاکوو لەوێ کار بکەین و تەنانەت کە کونسوڵی گشتیی تورکیا سەردانی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی کرد، داوامان لێ کرد و داوامان لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش کردووە کە مۆڵەت بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بدرێت تاکوو لە رۆژئاوای کوردستان هاوکار و خزمەت بگەیەنێتە زیانلێکەوتوانی بوومەلەرزەکە.