روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایدەگەیەنێت، رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە، کە ئەو پاداشت و شایستە دارایییانەی دەدرێتە فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
دەقی روونکردنەوەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن و پەیجی سۆشیال میدیا، دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە گوایە مووچەی فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دەخرێتە سەر وەزارەتی بازرگانی عێراق، لێرەوە رایدەگەیەنین ئەم دەنگۆیە دوورە لە راستییەوە، ئەوەی هەیە ئەمڕۆ شەممە لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی هەر دوو وەزارەتدا رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە، ئەو “پاداشت” و ” شایستە داراییانە” ی دەدرێتەوە فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی عێراق، فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمیش بگرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی
راگەیاندن و پەیوەندییەکان
25/2/2023