جیابوونەوەو دراوسێیەتی
سازان وەهاب
دەستەواژەی دراوسێیەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراقی، رەتكردنەوەی پێكەوەژیان نییە، بەڵكو پێداگیرییەكی ترە بۆ قوڵكردنەوەی لێبوردەیی و پێكەوەژیان و كەمكردنەوەی نەهامەتیەكان و رێگریكردن لەسەرهەڵدانی ناكۆكی زیاتر، كە مێژووی ئەم عێراقە پڕن لەكارەسات و شەڕ و ناتەبایی.
كاتێك ئەم وڵاتە نەیتوانی وەك ماڵێك بێ بۆ پێكهاتە مەزهەبی و نەتەوەییەكان و رەچاوی تایبەتمەندێتی و خواستەكانی بكات، بێگومان بوون بەدراوسێیەتی رێگایەكی دروستترە و بارگرانی ناهێڵێ بەسەر ناوەندێك كە بەردەوام دەویست لەژێر باری ئەو بارگرانییە ئیرادەیەكی ناڕێك بەسەر هەموو پێكهاتەكان بەسەپێنێ. بەتایبەتی بۆ پێكهاتەی نەتەوەیی كورد.
لەپێناوی لێبوردەیی و پێكەوەژیان، دوای 2003 سەركردایەتی سیاسی كورد چانسێكی باشیان بەشیعەكانی عێراق بەخشی، بۆئەوەی رێگەی دووبارە بوونەوەی هەمان سیاسەتی 30 ساڵ زیاتری دەسەڵاتی سوننەكان نەبێتەوەو قوربانییەكانیش لەگەڵ پێكهاتە شیعە جۆرێك لە گرەنتی بوو، كە بەدەستی حكومەتی بەعس هەردوولا بەخشیبوویان، بەڵام هێندە ئەو هاوپەیمانییە ماوەی بوو كە هەندێك خەڵك لەنێو شیعەكان دەستیان بەدەسەڵات گەیشت و هەنگاوەكانی دووبارەی حكومەتی بەعسیان پیادەكردەوە. نەك بۆ كورد زیان بوو ئەم دووبارە بوونەوەیە، بەڵكو بۆ خودی شیعەكانیش گورزێكی كوشندە بوو نەتوانرا بنەمای شەراكەتی راستەقینە و رێزگرتن لەپێكهاتە جیاوازەكان لەحوكمی نوێی عێراقدا جێ بكاتەوە.
سوننەكانی عێراق لە ئێستادا نەك پەراوێز خراون، بەڵكو خاك و خەڵكیانیش لەدەست نەماوەو دوای داعشیش هێندەی پێویستیان بە بوژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی وێرانییەكانە، هێندە ناتوانن بەدوای مافە سیاسیەكانیان بكەون. ئەوان دەبن بەدراوسێی شیعە و كورد، كە مەبەستمە لێرە باس لەوەش بكەم سێ دراوسێیەتی بۆ عێراق راستە خواستێكی گرنگی كوردە، بەڵام چارەسەرێكی باشتریشە بۆ كێشە ناوخۆیەكانی عێراق و هەرێمایەتیەكانیش.
ئێمە بۆچی دراوسێی عێراقمان پێ باشە؟
سەركردایەتی سیاسی كورد، بەتایبەتی مەسعود بارزانی، ئاماژەی روونیان هەبووە كە رێگا تاقیكراوەكان لەگەڵ بەغدا، ئەنجامێكی باشی نەبووە، تەنیا رێگە بۆ ئەوەی لەداهاتوودا لەگەڵ بەغدا پێكەوەبژین، (دراوسێیەتیە). ئیتر لەم روانگەوە جۆری پەیوەندییەكان لەگەڵ پێكهاتەكان دەچێتە قۆناغێكی باشتر، ئەوكات بیر لەباشتركردنی دراوسێیەتی دەكرێتەوە، هەروەك چۆن لەماوەی دەسەڵاتدارێتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتە دراوسێیەكان باشترین هەنگاوی سەقامگیری پیادەكردوە، لەگەڵ بەغدایش هەمان ئەزموون دووبارە دەبێتەوە و لێگەیشتنی زیاتریش بەدوا دێ.
ئەگەر كورد جیا نەبێتەوەو نەبێ بەدراوسێی بەغدا؟ چیتر لەعێراق دەخوازێ؟ ئەنفال؟ كیمیاباران؟ سەركوت كردن؟ خاك لێسەندنەوە؟ تەعریب؟ برسی كردن و مووچە بڕین؟ ئەمانە مەحاڵە بۆ كورد ئاسان بێ، بەتایبەتی ئێستا بەنیمچەیی دراوسێیەتیەكەی لەسەر ئەرزی واقیع جێكردۆەتەوەو نەبووەتە مەترسی لەسەر بەغدای دراوسێ و تارانی دراوسێ و ئەنقەرەی دراوسێ.
كەوابوو، هەڵبژاردنی دوو دراوسێی باش لەگەڵ بەغدا، كلیلی چارەسەرییەكی بارزانیە بۆ پێكهاتە عێراقیەكان. ئەوانیشی دژایەتی دەكەن، تەنیا لەو پێناوەیە پێكهاتەكانی ناو عێراق درێژە بەقوربانی بەخشینی زیاتر بدەن و قبوڵی ژێردەستەیی بكەن. ئەگەرنا هیچ رێگایەك بۆ شەراكەت لەناو ماڵی عێراق نەماوەتەوە و جیابوونەوە و قبوڵ كردنی دراوسێیەتی باشترین بژاردەیە.