هەواڵە خۆشەکە گەیشت، وادەی دەستپێکردنەوەی بارانبارین ڕاگەیەنرا

شارەزایەکی کەشناسی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە هەفتەی ئاییندە بارانبارین دەستپێدەکاتەوە و پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبێتەوە.

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند: بەگشتیی ئەم ھەفتەیە کەشوھەوا بەجێگیری دەمێنێتەوە لەگەڵ زیاتر بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمادا، لە 03ـی مانگی ئازارەوە تاوەکوو 08ـی مانگ، لەم ماوەیەدا کەشوھەوا ناجێگیر دەبێت، لە زۆربەی ناوچەکان بەھۆی ھاتنی بارستە شێیەکی و گەرمەوە لە ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاواوە.

ڕاشیگەیاند: هەروەها نزمەپاڵەپەستۆیەک لە دەریای ناوەڕاست چالاک دەبێت کە ئەمەش دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی دۆخی ناسەقامگیری لە کەشوھەوای ناوچەکەدا ھەر لە زیادبوونی خێرای با و چالاکبوونی ھەورەبرووسکە و تاوەباران لە ناوچەی جیاجیادا کاریگەری دەبێت.

ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش دا کە بارانەکانیش زیاتر بەھارین، ڕێژەکەی لە ناوچە نزمەکاندا زۆر نابێت و لە ناوچە شاخاوییەکاندا باشتر دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش کەمێک نزم دەبنەوە لەو ماوەیەدا.

Back to top button