قوباد تاڵەبانی بۆ شاردنەوەی شکستەکانی یەکێتی پەنا بۆ ئاژاوەگێڕی دەبات
كێشەكانی ناو یەكێتی و ئیدارەی سلێمانی هێندە قووڵ بوونەتەوە، ئیتر قوباد تاڵەبانی دەستودامێن ماوە و هەوڵ دەدات كێشەكان بۆ هەولێر بگوازێتەوە، تا بڵێت لە هەموو كوردستان كێشە هەیە.
بەپێی ئەو زانیارییەکانی دەزگای میدیایی خواکوڕک، قوباد تاڵەبانی بەنیازە ژمارەیەك خەڵكی خۆی و كادری خوێندكاران، رەوانەی هەولێر بكات تا لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران خۆپیشاندان بكەن و بمێننەوە، بۆ ئەوەی ئەو گوشارانەی لە سلێمانی لەسەریەتی وەك ئاژاوە بیگوازێتەوە بۆ هەولێر.
رەمەزان عەلی چاودێری سیاسی رایگەیاند، كێشەی هاووڵاتییانی سلێمانی لەگەڵ حكومەت نییە كە خزمەتگوزاری نییە، بەڵكو كێشەیان ئەوەیە بۆچی رێگری لە هاتنی خزمەتگوزاری دەكرێ.
باسی لەوەش كرد، کێشەکانی هەولێر لە ئەستۆی مەسروور بارزانییە، سەرجەم كێشەكانی سنووری سلێمانی لە ئەستۆی قوباد تاڵەبانییە كە پێشتر بانگەشەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتیان دەكرد بۆ یەكە ئیدارییەكان و خودی خۆی، سەرۆكی حكومەت هەموو دەسەڵاتێكی پێ دا، بۆیە دەپرسم چیت كرد و كامە داهاتی شارەوانیی ئەو سنوورە، پڕۆژەی گەورەی پێ ئەنجام درا؟.
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی، ئێستە ئەو دۆخەی بۆ قوباد دروست بووە، هێندە بێزاركەرە سەری لێ شێواوە و نازانێت چی بكات، لە ژێر گوشارێكی زۆردایە و دەست بۆ هەموو كارتێك دەبات تا كارێك هەبێت و بەو بسپێردرێ، جۆرە نەرمییەكی بەرانبەر بنوێنرێت و بگەڕێتەوە سەر كارەكەی و بڵێت بۆ چارەسەر هاتوومەتەوە.
ئەو چاودێرە ئەوەشی باس كرد كە هێنان و هاندانی قوتابیانی زانكۆ لە سلێمانی، یان هێنانیان بۆ هەولێر چارەسەر و دەرمانی دەردی ئەو ناكات، ئەو كاتەی لە ئەنجومەنی وەزیران بوو، بۆچی بەدەم داواكارییەکانیانەوە نەدەچوو، خۆ كەس رێگریی لێ نەكردبوو.
بەپێی زانیارییەكان لە ئێستادا هەوڵێك هەیە كە قوتابیانی زانکۆکانی سلێمانی بۆ هەولێر بگوازرێنەوە و خۆپیشاندان بکەن، ئەمەش بەو ئامانجەیە كە بڵێن لە هەولێر كێشە هەیە.