د.شاخەوان عەبدوڵڵا داوا لە سوودانی دەكات بە زووترین كات دامەزراوە سەربازییەكانی كەركووك كۆنترۆڵ بكات

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌باره‌ی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر جووتیارانی كورد له‌ كه‌ركووك، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، وێڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و كاره‌ ئاشكرایكردووه‌، فه‌رمانده‌ی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقیان بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر جووتیارانی كه‌ركووك ئاگاداركردووه‌ته‌وه.

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری‌ سه‌رۆكی‌ پەرلەمانی عێراق له ‌به‌یاننامه‌یه‌كدا، به‌ توندی‌ سه‌ركۆنه‌ی‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی‌ ده‌ستدرێژی‌ و زیاده‌ڕۆیی‌ بۆ سه‌ر جووتیاره‌ كورده‌كان و ‌رێگریکردن له ‌به‌كارهێنانی‌ زه‌وییه‌كانیان له ‌پارێزگای‌ كه‌ركووك، له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ فیرقه‌ی‌ هه‌شتی‌ سوپای‌ عێراقه‌وه‌ كردووە، بۆ دروستكردنی‌ كێشه‌ و قه‌یران له‌نێو پێكهاته‌كاندا.

د. شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، داوای‌ له‌ محەمەد شیاع سوودانی كردووە، ده‌ستبه‌جێ دەستێوەردان بکات و ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ بوه‌ستێنێت، دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كانی‌ ناو پارێزگاكه‌ كۆنترۆڵ بكات و رێگری‌ بکات له ‌به‌كارهێنانی‌ سوپا له ‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ندێك لایه‌ن.

هەروەها ڕوون کردووەتەوە، ئەو کارە پێچه‌وانه‌ی‌ یاسا و ده‌ستوورە، لیژنه‌ی‌ ئاسایش و به‌رگریی په‌رله‌مانیشی‌ راسپاردووە به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه‌ بکات و له ‌ده‌ستدرێژییه‌كان بکۆڵێتەوە.

د. شاخەوان عەبدوڵڵا ئەوەشی گوتووە كە سەرەڕای پەیوەندیی بەردەوامیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ده‌ستدرێژییه‌كانی‌ فیرقه‌ی‌ هه‌شته‌م به‌رده‌وامه‌، به ‌ئامانجی‌ راگواستنی‌ كورده‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ به‌عسییه‌كان و نیشته‌جێكردنیان له ‌ناوچه‌كه‌. هەروەها داوای كردووە په‌له‌ بكرێت له ‌ده‌ركردنی‌ یاسا بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بریاره‌كانی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ شۆڕشی‌ هه‌ڵوه‌شاوە، بۆ ئه‌وه‌ی‌ سنوورێك بۆ دیارده‌ی‌ ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر جووتیاره‌ كورد و توركمانه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ دابنرێت.

Back to top button