د.نەوزاد هیتووتی: پێشنیازەكانی بافڵ تاڵەبانی هیچ جیاوازییەكیان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەبوو

دوایی ئەوەی دوێنێ، لە كۆڕبەندی هەولێر بافل تاڵەبانی باسی ئەوەی كرد كە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا زۆر ئاسانە، با هەرێم هەموو سەرچاوە سروشتییەكانی رادەستی بەغدا بكات، رێككەتن دەكرێت و كۆتایی بە كێشەكان دێت، شارەزایەكی بواری پێوەندییە ناودەوڵەتییەكان وەڵامی بافڵ دەداتەوە.

د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و شارەزا لە پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە لەو كۆڕبەندەدا ئامادە بووە لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی و دەڵێت، بافل تاڵەبانی باسی ئەوەی كرد كە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا زۆر ئاسانە، با هەرێم هەموو سەرچاوە سروشتییەكانی رادەستی بەغدا بكات، ئیتر رێككەتن دەكرێت و كۆتایی بە كێشەكان دێت.

ئەو ماموستایەی زانکۆ زیاتر گوتی، هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە سەرچاوە نەوتییەكان لە هەرێم زۆر كەمن و دەتوانین رادەستیان بكەین، ئەو كات لە هەموو سەرچاوەكان كە لە عێراقدا هەیە هاوبەش دەبین، ئەم روانگەیەی لایەنێكی كوردیم بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا زۆر پێ سەیر بوو، چونكە یەكەم، لە لایەك دژی پرەنسیپەكانی دەستووری عێراقە، بە تایبەتی بە پێ دەستوور هەرێم و ناوەند لە پرسی سەرچاوە سروشتییەكان لە زۆر بواردا دەبێت هاوئاهەنگی و هاوبەشییان هەبێت، نەك لایەنێك داوای رادەستكردنی هەموو شتەكان بكات.

روونیكردەوە، بە تایبەتی هەرێم لە زۆر بواردا بە پێی بەندەكانی دەستوور لە بواری نەوت و گازدا دەسەڵاتی هەیە و دەبێت بەغدا رێزی لێ بگرێت، كە تا ئێستە بەغدا بە پێچەوانەوە رەفتار دەكات. دووەم، پرسی نەوت و گاز بەشێكە لە سەروەری بۆ هەرێم، بۆیە لەدەستدانی ئەو سەروەرییە هەموو قەوارەی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە و ئەوەندەی تر پێگەی هەرێم بچووك دەبێتەوە. بەتایبەتی كورد ئەو كات كارتێكی لەدەست نامێنێت بۆ ئەوەی بەرگەی گوشارەكانی ئابووری بەغدا بگرێت.

هیتووتی روونیكرەوە، سێیەم، باشە گەرەنتی چییە ئەگەر گریمان هەرێم نەوت رادەستی بەغدا بكات، بەغدا بە رەوانەكردنی بەشە بوودجەی هەرێم پابەند دەبێت، یان مەرجی زیاتر بەسەر هەرێم ناسەپێنیت؟، لەكاتێكدا هەموو كەس دەزانێت بەغدا بە یاسا و دەستوور بەڕێوە ناچێت. ئاخۆ 100 ساڵە كورد هاوبەش بووە لە پرسی سەرچاوە و سامانە سروشتییەكان لە عێراق تا باوەر بەوە بكەین كە بە رادەستكردنی سەرچاوەكان لە مەودوا هاوبەش دەبین.

چوارەم، یەكێك لەو كارتانەی تا ئێستا وایكردووە لەسەر ئاستی دنیا گرنگی بە هەرێم بدرێت، پێوەندی بە پرسی نەوت و گازەوە هەیە، ئاخۆ ئەگەر ئەو كارتە رادەستی بەغدا بكرێت، هەرێم ئەو گرنگییەی دەمێنێت كە لەسەر ئاستی دەرەكیدا هەیەتی؟، ئاخۆ هێزە گەورەكان و كۆمپانیاكان بەتەواوەتی روو لە بەغدا ناكەن؟، پێنجەم، كورد دەرفەتی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە ئەكتەرێكی گرنگ لە بواری وزەدا، بۆچی ئەو كارتە بەكارنەهێنرێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر بكرێت، لەجیاتی ئەوەی رادەستی بەغدا بكرێت. بۆچی رێگە نادرێت، بەتایبەت لە كەرتی گازدا لە دەڤەری سەوز وەبەرهێنان بكرێت.

ئەو مامۆستایە دووپاتیكردەوە، شەشەم، لە هەمووی سەیرتر بافل تاڵەبانی وای باس دەكرد گوایە دادگەی دەستووری زۆر دادپەروەر و بێلایەنە و دەبێت رێز لە بڕیارەكانی بگیرێت، ئەمە لەكاتێكدایە هەموو دنیا دەزانێت دادگەكانی عێراق بێلایەن نین و بڕیارەكانیان، بە تایبەت ئەوەی پێوەندی بە نەوت و گازی هەرێمەوە هەیە، لەژێر گوشاری ئێران و گرووپە میلیشیاكان دراوە، بەكورتی هیچ جیاوازییەكم لە نێوان پێشنیازەكانی سەرۆكی یەكێتی لەگەڵ پێشنیازی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رێككەوتن لەگەڵ بەغدا، بەتایبەت سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز نەبینی

 

Back to top button