داهاتی مانگانەی پارێزگەی سلێمانی سەروو 100 ملیار دینارە… ئایا بۆ کوێ دەچێت؟
ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشکرای دەکات:” داهاتی مانگانەی پارێزگەی سلێمانی سەروو 100 ملیار دینارە، ئیدارەدانی كۆكردنەوەی داهاتەكە خراپە.
كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگەی سلێمانی رایگەیاند،” داهاتی سلێمانی لەوەدا نییە بڵێین 40 ملیار و 50 ملیار بێت، داهاتی سنوورەكە زۆرە، بەڵام یەك گرفتی گەورە هەیە، ئەویش ئەوەیە ئیدارەدانی كۆكردنەوەی داهاتەكە خراپە .
راشیگەیاند:” لە سلێمانی دوو مەرزی فەرمیمان هەیە ئەوانیش باشماخ و پەروێزخانن، كە تەنیا داهاتی ئەو دوو مەرزە چاكسازی تیادا بكرێت مانگانە سەروو 40 ملیار دینار دەبێت، ئەمە جگە لە داهاتی كارەبای سنوورەكە، كە مانگانە سەروو 25 ملیار دینار دەبێت، داهاتی هاتوچۆش سەروو 15 ملیار دەبێت، فەرمانگەی تریش داهاتیان هەیە، دواتریش لە سەرووی ئەوانە داهاتی نەوتیش هەیە، بۆیە ئەگەر ئیدارەدانێكی زۆر باش هەبێت، 100 ملیار داهاتی مانگانە بۆ سنووری پارێزگەی سلێمانی زۆر زۆریش كەمە و ژمارەكە لە سەرووی ئەوەوەیە.
دەشڵێت:” ئەوانەی ئیدارەدانی داهاتەكە دەكەن نایانەوێ دۆخەكە باش بكەن و چاكسازی بكەن، بەڵكو دەیانەوێ هەر بەو جۆرە بەردەوامبێت، بەو جۆرەش كۆمپانیاكانی خۆیان سوودمەندی یەكەمن، ئەو داهاتە بۆ خزمەتی شارەكە بەكارنەهێنرێت چ سوودی بۆ خەڵك هەیە.
ئەمەش لەكاتێكدایە ماڵپەڕەکەی شەفافیەتی قوباد تاڵەبانی، دەڵێ داهاتی مانگانەی سلێمانی لە نێوان 40 بۆ 50 ملیار دینارە.