شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژوورى بازرگانى ئەڵمانیا  لە شاری بەرلین کۆبوونەوە

 

 

دواى ئەوەی شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە وڵاتی ئەڵمانیا، پارێزگای هه‌ولێر لە بارەی ئامانجی شاندەكە راگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند لە چوارچێوەى کارەکانى یەکەمین کۆڕبەندی ئەڵمانیا – کوردستان، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ ژوورى بازرگانى ئەڵمانیا کۆبوونەوە.

 

لە راگەیاندراوەكەی پارێزگای هه‌ولێر هاتووه‌، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكهاتوون له‌  کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، د.محەممەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرھێـنان، جێگرى پارێزگارى دهۆک و ژمارەیه‌ك لە خاوەنکار و یەکێتی وەبەرھێنەران و ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان له‌ به‌رلینن، بۆ به‌شداریكردن له‌ یەکەمین کۆڕبەندی ئەڵمانیا – کوردستان كه‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌چوو.

 

پارێزگای هه‌ولێر له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، شاندی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ژوورى بازرگانى ئەڵمانیا کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، لە ژێر راسپاردەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و یاسا بەرکارەکانی وەبەرھێنان و لە پێناو  سوودوەرگرتن لە پێکەوە کارکرنى وەبەرهێنان لە بوارەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشت و گوزار و ئاوەدانکردنەوە، گفتوگۆ لەنێوان هەرێمى کوردستان و ئەڵمانیا کرا.

 

لە تەوەرێکى دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، تیشکخرایە سەر بەهێزکردنی زیاتر پەیوەندى  نێوان کۆمپانیا، وەبەرهێنەر، کارساز و بازرگانەکانی هەردوولا، لەوبارەیەشەوە شاندى هەرێمى کوردستان تەئکیدیان لە پێشکەشکردنى ھەموو ئاسانکارییەک بـۆ وەبەرھێنەرانی ئەڵمانیا كرده‌وه‌، کە بیانەوێت کاری وەبەرھـێنان لە هەرێمى کوردستان ئەنجامبدەن.

 

کۆڕبەندی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەڵمانیا- کوردستان کە پڕۆژەی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمانیایە، بە هاوبەشی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر و دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندی رەوەندی کوردستانی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا سازکرا، مەبەست لێی بە هێزترکردنی پەیوەندییەکانى نێوان کۆمپانیا و وەبەرهێنەر و کارساز و بازرگانەکانی هەردوولایە.

 

پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، وا بڕیارە ئەم پڕۆژەیە ببێتە نەریتێکی ساڵانە لە نێوان بەرلین و هەولێر و پاش کۆڕبەندی یەکەمینی بەرلین، کوڕبەندی یەکەمینی هەولێریش هەر ئەم ساڵ سازبکرێت.

Back to top button