دۆخی نەخۆشخانەکانی بەغدا عێراقییەکانی تووشی شۆک کردووە

ئەمڕۆ شەممە 4ـی شوباتی 2023 جارێکی دیکە دۆسیه‌ی نەخۆشخانەكانی عێراق بووه‌ته‌وە موشتومڕ، و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنەکانی نەخۆشخانەی دەروونی ئەلڕەشاد لە بەغدای پایتەخت، زۆرێک لە چالاکوانانی سۆشیال میدیای تووشی شۆک کردووە.

دوای ئەوەی ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوبوونەوە، تیایدا ده‌رکەوتووە كه‌ ئەم دامەزراوە تەندروستییە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و پێخەڤەکانی دڕاو و کۆن بوون.

جگە لەوەش هۆڵه‌كانی نەخۆشخانەكه‌ پاکوخاوێنییان تێدا نییە، لەکاتێکدا ژمارەیەک نەخۆش لە یەکێک لە هۆڵه‌كان لەسەر زەوی دانیشتوون.

تاوه‌كو ئێستا نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لڕه‌شاد هیچ لێدوانێكی سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ نه‌داوه‌، نه‌ پشتراستی كردووه‌ته‌وه‌ نه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها داوای ده‌ستوه‌ردانی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی.

لە کاتێکدا زۆرێک لە خه‌ڵكی پرسیاریی ئه‌وه‌یان كردووه‌، ئایا ئەم شوێنە گونجاوە بۆ چارەسەری دەروونی، یان قەیرانی نەخۆشەکان زیاتر ده‌كات و تووشی خەمۆکیان دەکات؟!

به‌شێك له‌ عێراقیه‌كان ده‌ڵێن، هه‌ركه‌سێکی دەروون تەواویش بچێته‌ ناو ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ ئەقڵی تێکدەچێت.

Back to top button