بەغدا داوا دەکات هەرێم بڕیاری قەدەغەکردنی هاتنی خواردنەوە کحولییەکان جێبەجێ بکات
ئەمڕۆ شەممە 4ـی ئاداری 2023 وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێكی فەرمی داوا دەکات حکومەتی هەرێم بڕیاری قەدەغەی هاتنی خواردنەوە كحولییەكانی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بکات، ئەوەش بەپێی بڕیاری داهاتی شارەوانییەكان كە بەم دواییە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاو كرایەوە.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، بەپێی بڕگەكانی مادەی 14/ یەكەم، لە یاسای داهاتی شارەوانی ژمارە یەك بۆ ساڵی 2023 و بڵاوكراوە لە رۆژنامەی “وەقائیعی عێراقی”، ژمارە 4708 بۆ ساڵی 2023، كە باسی قەدەغەی هاوردەكردن و دروستكردن و فرۆشتنی مادە كحولییەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە دەكات، داواتان لێ دەكەین ئەوەی پێویستە جێبەجێ بكرێت و رێنوێنی بە هەموو خاڵە سنوورییەكان بدەن بۆ جێبەجێكردنی.
نووسراوەكە كە واژووی بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی و گومرگی لە دەستەی گشتیی گومرگ سەر بە وەزارەتی دارایی فیدراڵی لەسەرە، ئاراستەی نووسینگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمنیداریەتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران لە بەغدا كراوە، جیا لە بەڕێوەبەرایەتی گومرگی ناوچەكانی ناوەڕاست و باكور و باشوور و رۆژئاوا و فڕۆكەخانەی بەغدا و باری ئاسمانی.
لە لایەکی ترەوە ئەمڕۆ میسال ئالووسی، سیاسەتڤانی سەربەخۆی عێراق لەو بارەوە گوتی: حزبەكانی سەر بە ئێران دەیانەوێ لە رێگەی جێبەجێكردنی ئەو جۆرە بڕیارە نادەستووریانەوە بەغدا بكەنە دەوڵەتێكی ئیسلامی، كە دەستورەكەی ئازادی و ئازادی تاكی فەراهەم كردووە، بەتایبەتی كاتێك عێراق وڵاتی بۆچوونی ئاینی و كولتووری جیاوازە و ناكرێت بۆچوونی توندڕۆ بەسەر عێراقییەكان بسەپێندرێت.
روونیكردەوە، ئەو بڕیارە زۆر مەترسیدارە و ئازادەی تاكەكەسی دەكاتە ئامانج، ئەو بۆچوونی خۆی دەربڕی بەوەی رەنگە مەبەستی بڕیارەكە زیادكردنی قەبارەی بازرگانی مادەی هۆشبەر بێت لە عێراق، بەتایبەتی ئەو جۆرە بڕیارانە لە بەرژەوەندی ئەو لایەنانەیە كە مادەی هۆشبەر دێنن و بازرگانی پێوە دەكەن، ئەوانیش ئەوانەن کە لە ئێرانەوە نزیكن.