هێزی پێشمەرگە دەست بەسەر كۆگەیەكی چەك و تەقەمەنی دەگرێت
لە چوارچێوەی هەوڵەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ راوەدوونانی پاشماوەی چەكدارانی داعش و ئاشكراكردنی حەشارگەی چەك و تەقەمەنیان بەمەبەستی نەهێشتنی مەترسیان بۆ سەر ئاسایسی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان، ئەمڕۆ دەست بەسەر كۆگەیەكی تەقەمەنی داعش لە شارەدێی نەوجول گیرا.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیاندراوێكدا بڵاویکردۆتەوەوە، ئەمڕۆ 5ی ئازاری 2023، دوای دەستخستنی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن فەوجی دووی لیوای 16ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لە سنووری شارەدێی نەوجول توانرا دەست بەسەر كۆگەیەكی تەقەمەنی و چەندان گولە هاوەنی 120 ملم بگیرێت، كە تیرۆرستان بەنیاز بوون بۆ كردەی تیرۆرستی بەكاری بێنن.
شایەنی باسە هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەمیشە لە پێشەوەی بەرەكانی جەنگ لەدژی رێكخراوی داعش بووە، بەدەر لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی داعش تا تێكشكانی، بەشداری لە هەموو ئۆپراسیۆنەكانی دژ بە داعش كردووە.