گرووپێکی لادەر لە یاسا لەناو یەکێتی ھەوڵی بەرگریکردن لە تاوانباران دەدەن

تاوانەکانتان پەردەپۆش ناکرێت

پرۆسەی دەستگیرکردنی تاوانباران لە ھەرێمی کوردستان، ئەولەویەتی کارەکانی (دژەتیرۆری کوردستانە)ـە بەتایبەت تیرۆریستان ھەرکات خواستی ئەنجامدانی تاوانێک یان دروستکردنی مەترسیان بۆ سەر خەڵکی کوردستان ھەبێت، دژەتیرۆری کوردستان، بە شاھێدی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، خەمخۆرانە لێیان دێنە دەست و رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە.

بەڵام ئەوەی سەیرە گرووپێکی لادەر لە یاسا لەناو یەکێتی بە ئامانجی پەردەپۆش کردنی تاوانە ئاشکراکانی دیکەیان ھەوڵی بەرگریکردن لە تاوانباران دەدەن، کە ئەوەش ھەڵوێستێکی مەترسیدارە، و لە یاساشدا ھەر بەو شێوە ھەژمار دەکرێت، پاڵپشتکردن لە کەسانێک کە نیازی کردەوەی تیرۆریان ھەبووە، ھەر دەچێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە.

لە دوای کەیسی شەھیدکردنی (عەقید ھاوکار جاف) یەکێتی بە ڕێگەی جیاجیا ھەوڵی داخستنی ئەو کەیسەی دا بەڵام بەوپێیەی لە ھەولێر یاسا باڵادەستە و کەس لەسەروو یاساوە نییە ھەموو ئەو ھەوڵانە پووچەڵکراونەتەوە، چونکە ئەم بابەتە رەھەندی نیشتمانی-ئەمنی ھەیە و ناکرێت لەبەرخاتری حیزبێکی سیاسیی چاوپۆشی لێ بکرێت لە کاتێکدا ئەوە چەندین جارە کردەوەی لەو شێوەیە دووبارە دەکاتەوە و لەبەردەم دادگا بێتاوانی خۆی ناسەلمێنێت ئەمەش ئەوە دووپات دەکاتەوە کە تاوانکارە، ھەر کەس و گرووپێکیش لە دەست یاسا رابکات، ھەڵبەتە تاوانبارە و وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

فرسەت سەید شکور

Back to top button