عەلی عەونی: عەلی باپیر لە خێروبێری راپەڕین دەخوات و بە قسەی بێماناش لە شکۆی راپەڕینی خەڵکی کوردستان کەم دەکاتەوە

علی عەونی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە توندی وەڵامی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، عەلی باپیر کەسێکی خەیاڵپڵاوە و تا ئێستا لەو گرێ دەروونییەدا دەتوێتەوە و ھەمیشە پێی وایە ئەم قەوارەیەی ھەرێمی کوردستان نامێنێت!

بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری 1991، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە دوایین پەیامیدا، هێرشی كردووەتە سەر دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی كوردستان گوایە خەمخۆری خەڵکی کوردستانە، لە كاتێكدا لە هەموو قۆناغەكاندا خۆی لە ریزی نەیارانی كوردستان بووە، كەچی بۆ پەردەپۆش کردنی شکستەکانی حیزبەکەی خەڵك بە شتی لابەلاوە خەریك دەكات، هاوشێوەی لایەنێکی سیاسی كە لەپێناو پەردەپۆشكردنی تیرۆر و تاڵانەكانیان هەمان کار دەکەن.

لە بەرامبەردا، عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند، عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری، گرێی دەروونیی بەرامبەر بە راپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دژی حکومەتی بەعسی رووخاودا ھەیە، چونکە ھیچ رۆڵێکی نەبووە لە رزگارکردنی میللەتی کورد، بەڵکو ھاتووەتە سەر سفرەی حازری و لە خێروبێری ئەم وڵاتە دەخوات و ھیچ قسەیەکی خێریش بۆ گەلی کوردستان ناکات، ھەروەھا عەلی باپیر، کەسێکی خەیاڵپڵاوە و ئێستا لەو گرێ دەروونییەدا دەتوێتەوە و ھەمیشە پێی وایە ئەم قەوارەیەی ھەرێمی کوردستان نامێنێت!

گوتیشی: ”خەڵکی کوردستان بەھۆی زوڵم و ستەمی رژێمی بەعسەوە راپەڕینی کردووە، ئێستا خەڵکی کوردستان، پاڵپشتیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و پەرلەمان و سەرجەم دامەزراوە حکوومییەکان دەکات، چونکە بنیاتنانی ئەم حکومەتە بە كودەتا نەھاتووە، بەڵکو بە دەنگی هاووڵاتیان و بە خوێنی دەیان ھەزار رۆڵەی تێکۆشەری ئەم کوردستانە بنیات نراوە، بەڵام سەرەڕای ھەموو ئاستەنگەکان و کەموکورتییەکان، خەڵکی کوردستان، حکومەتی ھەرێم و قەوارەکەی بە موڵکی خۆیان دەزانن و نایانەوێت چیتر ژێردەستەی شۆڤێنییەكان بن.“

عەلی عەونی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد: ”عەلی باپیر غەریبیی ژێردەستەیی دەکات، حەز دەکات شۆڤێنییەكان خەڵکی کوردستان بچەوسێننەوە، چونکە چاوی بەم ئازادییەی کوردستان ھەڵنایەت، بەڵام خەڵکی کوردستان، ھیچ کات لەگەڵ ئەو بۆچوونە چەوتەی عەلی باپیردا نەبووە و نابێت.

ئەگەر عەلی باپیر راستگۆیە و بوێریی ھەیە، بۆچی رۆژێک لە رۆژان باسی کارە خراپەکانی حکومەتی عێراق دژ بە خەڵکی کوردستان ناکات، حکومەتی عێراق قووتی خەڵکی کوردستان دەبڕێت، بۆچی عەلی باپیر و هاوشێوەکانی ھیچ قسەیەک ناکەن؟ بەداخەوە ئەو راپەینەی عەلی باپیر قسەی ناشرینی بەرامبەر دەکات، ساڵانێكە خۆی لە خێروبێرەکەی دەخوات و بە قسەی بێماناش دەیەوێت لە شکۆی راپەڕینی خەڵکی کوردستان کەم بکاتەوە.“

Back to top button