هێزێكی چەكداری یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی هەڵیانكوتایە سەر ماڵی لیوا چەتۆ ساڵح
لە كاتێكدا میدیاكانی سەر بە یەکێتی و خودی بافڵ تاڵەبانی، بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایە لە سلێمانیدا ئازادی بەرقەرارە، كەچی ئەو ئازادییەی ئەوان باسی دەكەن لە سلێمانی بەشی ئەوە ناكات، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سەركردەیەكی دیاری یەكێتییە و لە ماڵباتێكی خەباتگێر و قوربانیدەری ئەو حزبەشە، بەشداری لە ئاهەنگی شەكراوخواردنەوەی كورەكەیدا بكات.
بەگوێرەی زانیاییەکانی دەست دەزگای میدیایی (خواکوڕك) لەسەرچاوەیەکی باڵای بەدەستی گەیشتووە، دوو رۆژی رابردوو کە دەکاتە شەوی هەینی لەسەر شەممە 3 لەسەر 4ی ئاداری 2023، لە كاتێكدا كورە گەورەكەی لیوا چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆ سەرقاڵی ئاهەنگی شەكراوخواردنەوە و پرۆسەی هاوسەرگیری بووە، ھێزێکی چەکداری یەکێتی کە لە پێنج ئۆتۆمبێلی پر چەكدار پێكهاتبوون، لەسەر بنەمای زانیارییەك كە بە هەڵە پێیان گەیشتووە و وایانزانیوە لیوا چەتۆ ساڵح گەراوەتەوە بۆ سلێمانی تا لە ئاهەنگەكە بەشداری بكات، هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵەكەی و ویستوویانە دەستگیری بكەن، بەڵام دواتر دەركەوتووە لە ماڵەوە نییە.