چەتۆ ساڵح، هەڕەشەی تۆڵە کردنەوە دەکات

چەتۆ ساڵح، هۆكاری هەوڵەكانی یەكێتییەكەی بافڵ تاڵەبانی، لە دژی ئەو و هەڵكوتانە سەر خانەوادەكەیان، لەکاتی ئاهەنگی مارەبڕینی كوڕەكەی، ئاشكرا دەكات و، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات .

چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەوەی بۆ من پشتڕاست بووەتەوە، نيازێك هەبووە بۆ چاودێریکردنی ماڵەکەم و دواتر ئەو ماڵە بەڕێزەی خزمایەتیمان لەگەڵ کردوون، لە کاتی پرۆسەی مارەبڕین و شەکراوخواردنەوە، بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵەکەشم.

دەشڵێت:” لەپێناو پاراستنی ئاهەنگی کوڕەکەم و تاقە براکەم، نەمتوانی بەشداریی خۆشیی کوڕەکەم بم، لەبری خۆم سەباحی برام و ئاواتی کوڕم بۆ ئاهەنگەکەی هادیی کوڕم بەشدارییان کرد، بەڵام بەداخەوە تینووەکانی شەڕ و ئاژاوە و هێزەکانی سەر شەقامی قیر و نیروی تازەنەفەس، قوڕمیش کراون و پڕ کراون لە باڵانس و وەحدە، هەروەها خراونەتە حاڵەتی شپرزەیی و پەلەقاژە و چاودێری، لەلایەکی دیکە، هێز جووڵاندن و هەوڵدان بۆ تێکدانی بۆنەکە و ئازاردانی کوڕەکەم، بەم جۆرە مێژوویەکی رەش بخەنە تۆمارە پڕ لە شەرمەزارییەکانیان.

بریکاری وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی: ”داوای لێبوردن لە د.هادیی کوڕم دەکەم کە نەمتوانی لەو رۆژە پیرۆز و پڕ شادییەیدا بەشدار ببم و ببمە شاهێدیی ژیانی نوێی و خۆشەویستیی باوکایەتیی پێ ببەخشم، هەروەها بەڵێنم بە کوڕەکەم دا، کە کاتی خۆی هات، ئەم غەدرانەی دەکرێن، بە دەستێکی پۆڵایین تۆڵەیان دەکرێتەوە.“

لە کۆتایی قسەکانیشی بەڵێنێك دەدات و دەڵێ: ”بەڵێن بێت بۆ نەهێشتنی ئەو عەقڵییەت و هەڵسوکەوت و نەریتە نامۆیانە، لەگەڵ هەموو هاوئاوازەکانم توانام بخەمە گەڕ، بۆ ئەوەی حزبی شەهیدان بخەینەوە سەر شاڕێی خۆی، تا نەوەکانمان بە ئارامی بژین.“

Back to top button