ئاری نانەکەلی: ئەو فەوزایەی بافڵ تاڵەبانی و گرووپەکەی، تەنیا بۆ لەبیربردنەوە و داپۆشینی نادادی و کردەوە تیرۆرستییەکانیانە

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ئەم هەموو فەوزایەی بافڵ تاڵەبانی و گرووپەكەی دروستیان کردووە، تەنیا بۆ لەبیربردنەوە و داپۆشینی ئەو نادادی و کردەوە تیرۆرستییانەن، کە ئەنجامیان داون.

ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، رایگەیاند: ئەگەر بافڵ تاڵەبانی وەک خۆی دەڵێت ناڕازی بێت لەو دۆخەی ئێستا هەیە، بەتایبەت لە ناوچەكانی بندەستی خۆیان و دەڤەری راپەڕین، یەکێتی ئیدارەی دەدات، ئەوا دەبێت سەرەتا خۆی و ئەو گرووپەی سەر بە ئەون سزا بدات، چونکە زیاتر لە ٣٠ ساڵە دەستیان بەسەر ئەو سنوورەدا گرتووە.“

دەشڵێت:” بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی نایانەوێ هەڵبژاردنی کوردستان بەڕێوە بچێت، بۆ ئەوەش پەلاماری هەموو شتێک دەدەن، بەردەوام گرفت لەپێش ئەو پرۆسەیە دروست دەکەن، سوور دەزانن گەل ئەمجارەش وەک جاری پێشوو لە هەڵبژاردندا بە دەنگەکانیان خراپتر سزایان دەدات.

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتیشی: ”نازانین چ نەخشە و پلانێکی دیکەی ناپاکیان لە هەگبە ناوە، بەڵام پارتی هەمیشە لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان قوربانیی داوە و زەرەرمەندیش بووە، تا کوردستان زەرەر نەکات،

دەشڵێت:” باش دەزانین گرووپێکی نێو یەکێتی ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسکی کەسی و حزبی، زەرەر نەک تەنیا لە کوردستان، بەڵکوو لە خودی حزبەکەشیان بدەن.“

ئاری نانەکەلی هەروەها دەپرسێت، کێ بەرپرسە لە کردەوەی تیرۆرکردنی کادر و ئەفسەرانی نێو یەکێتی؟ کێ بەرپرسە لە دزینی داهاتی خاڵە سنوورییەکانی دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان؟ کێ بەرپرسە لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر و قاچاخچێتی و ئەو بەڵا و ناڕەحەتییانەی تووشی هاووڵاتییانی دەڤەرەکە بووە؟ لەکاتێکدا لەوێ یەکێتی باڵادەستە و کەس ناتوانێ بێ پرسی ئەوان جموجوڵ بکات.

 

Back to top button