مه‌سرور بارزانی: له‌ هەوڵداین بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و پتەوكردنی پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست

ئەمڕۆ چوارشەممە 8/3/2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئانالێنا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە هەولێر کۆبوونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی 3ی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی له‌ ئانالێنا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد و پاش كۆبوونه‌وه‌یان، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیشیان ئه‌نجام دا و تێیدا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر چه‌ندین ته‌وه‌ر و بابه‌تی گرنگ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

هەموو لایەك بەخێر بێن

رێگەم بدەن بە ناوی خەڵكی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەخێرهاتنێكی زۆر گەرمی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، خاتوو (ئانالێنا بێربووک) بكەم، زۆر زۆر بەخێر بێی.
ڕێگەم بدەن با بەڕێزیان قسەكانی خۆی پێشكەش بكات، دوایی ئێمەش لە خزمەتتاندا دەبین.

ڕێگەم بدەن پیرۆزبایی ڕۆژی ئافرەتان لە جەنابت (خانمە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا) بكەم، هەرچەندە پێمانوایە هەموو رۆژی ساڵ پێویستە ڕۆژی ئافرەتیش بێت. هەروەها جێگەی خۆیەتی من بە ناوی خەڵكی هەرێمی كوردستانەوە سوپاسی جەنابت و لە ڕێگەی جەنابتەوە هی حكوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا و خەڵكی ئەلمانیا بكەم بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان كە بێگومان ئەمە هاوكارییەكی زۆر بوو لە ناساندنی ئەو تاوانەی دەرهەق بە خوشك و برا ئێزدییەكانمان كرا لە ئاستی جیهان. هیوادارم وڵاتانی تریش چاو لە ئێوە بكەن، بۆ ئەوەی نەك تەنیا ئەم كۆمەڵكوژییە بەجینۆساید بناسرێت، بەڵكوو ببێتە هاندەرێكیش بۆ ئەوەی لە رووی ئاوەدانكردنەوە و هاوكاریكردنی خوشك و برا ئێزدییەكانمان بەشداری بكەن.

ئەڵمانیا بێگومان بۆتە پەناگەیەك بۆ زۆر لەوانەی لێقەوماون، گەورەترین رەوەندی كوردی لە دەرەوە لە ئەڵمانیایە، ئەمەش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو پەیوەندییە نزیكەی لە نێوان ئەڵمانیا و خەڵكی كوردستاندا هەبووە، بووەتە رێخۆشكەرێك بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان جێی خۆیان لە ئەڵمانیا ببیننەوە.

هەروەكوو بینیمان لە كاتی هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر خوشك و برا ئێزدییەكانمان، زۆر خەڵكی ئێزدیی ئێمە ڕوویان كردە ئەڵمانیا بۆ ئەوەی لەوێ زیاتر سەلامەت بن.

لەبارەی ئێمەوە، هاوكاری و پشتیوانیكردنی ئەڵمانیا لە شەڕی داعش، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینی هەموو خەڵكی كوردستان بووە. ئێوە یارمەتییەكی زۆری ئێمەتان دا بۆ ئەوەی زاڵ بین و بتوانین ئەم گرووپە تیرۆریستییە دڕندەیە تێكبشكێنین. هاوكارییەكانی ئێوە بەردەوام بوون، دوای ئەوەش لە ڕووی سەربازی و راهێنان و یارمەتیدانی پێشمەرگەوە بەردەوام بوون. من جارێكی تر سوپاسی ئەو هاوكاریی و پشتیوانییەی ئێوە و خەڵكی ئەڵمانیاش لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەم.

ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوە، باسی چەند خاڵێكی ترمان كرد، لەوانە پتەوكردنی دیموكراسیەت و جێبەجێكردنی یاسا، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم بە هەموو جۆرەكانیەوە، هەروەها باسی ئەوەمان كرد كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان هەموو هەوڵێك بدەین بۆ باشتركردنی ژیانی خەڵك و پتەوكردنی پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست، بە تایبەتی ئەڵمانیا. كە داوام لێكردن ئەوان زیاتر یارمەتیی ئێمە بدەن، هەرچەندە بەخۆشحاڵییەوە دەتوانم بڵێم چەندین گرێبەست لە نێوان كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستاندا واژۆ كراون و یارمەتیی ئێمە دەدەن، داواكارم زیاتر بتوانن یارمەتیی ئێمە بدەن بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بە كەرتی ئابووریی هەرێمی كوردستان بدەین كە ئەمە یەكێكە لە بنەما سەرەكییەكانی باشتركردنی سەقامگیری و كاریگەریشی دەبێت لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی.

باسێكی تر، باسی شنگالمان كرد، هاورابووین لەسەر ئەوەی كە خەڵكی سەربەرزی شنگال بە ئێزدی و خەڵكی تریشەوە بتوانن بە كەرامەت و شەرەفەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی پێویستە بۆیان دابین بكرێت، رێككەوتنی شنگال كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق واژۆ كراوە، ببێتە بنەمای چارەسەركردنی كێشەكانی شنگال و هەمووی وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.

من زیاتر لەوە كاتتان ناگرم، جارێكی تریش دەمەوێ بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز وەزیر بكەم و هیوادارم پەیوەندییەكانمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو قۆناغی باشتر و گەورەتر هەنگاو بنێت. زۆر زۆر سوپاس، زۆر بەخێر بێن.

پرسیار: بەڕێز سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە پرۆژە ستراتیژییەكان، بە ئەلیكترۆنیكردنی حكوومەتە، لەمبارەیەوە هیچ داواكارییەكتان لە ئەڵمانیا هەبووە؟

مەسرور بارزانی: ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەگەڵ بەڕێز وەزیر باسی ئەوەمان كرد كە چۆن بتوانین لە ئاستی هاوكاریی ئابووریش بتوانین پەرە بە پەیوەندییەكانمان بدەین، هەر بۆ زانیاریتان، یەكەم پرۆژەی بە ئەلیكترۆنیكردن لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەڵمانی بووە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی لێخوورینی ئۆتۆمبێل بووە. ئەمە وەكوو بنەمایەك بۆ وەرگرتنی داتا لەو كەسانەی كە دەڕۆن بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتی لێخورینی ئۆتۆمبێل، ئەمە یەكەم هەنگاو بووە بۆ ئەلیكترۆنیكردن، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی لە هەموو سێكتەرەكانی تریش ئەم كارە بكەین. لەگەڵ بەڕێز وەزیر قسەمان كردووە بۆ ئەوەی لە هەردوو لامان بتوانین پەیوەندییەكی پتەوتر دروست بكەین بۆ ئەو پێداویستییانەی كە ئێمە پێویستیمانە و ئەوانیش بتوانن لەم ڕوانگەیەوە هاوكاریمان بكەن.

پرسیار: ئایا دەكرێ ئەو ئافرەتانەی منداڵیان لە داعش هەیە، لە لایەن كۆمەڵگەی ئێزدییەوە قەبووڵ بكرێنەوە؟

مەسرور بارزانی: لەبارەی ئەو ئافرەتانەی ئێزدی كە بەداخەوە بوونەتە قوربانیی دەستی تیرۆر بە هەر جۆرێك بێت، دەستدرێژییان كراوەتە سەر و ئێستا هەندێكیان بوونەتە خاوەن منداڵ، ئێمە بە قوربانی دەیانبینین، ئەوەی پێمان كرابێت بۆ رزگاركردنی ئەو ئافرەتانە لەژێر دەستی داعش بووبن یان لە هەر شوێنێك بووبن، هەوڵمان داوە و بەردەوامیش دەبین بۆ رزگاربوونیان. ئەوانەشی توانیویانە خۆیان ڕزگار بكەن یان رزگاركراون و هاتوونەتە هەرێمی كوردستان لە كەمپ یان لە هەر شوێنێكی تر ئێستا نیشتەجێن، ئەو هاوكارییەی كە پێویستە حكومەت بۆیان بكات وەكوو قوربانیی ئەم دیاردە ناخۆشەی كە بەسەریاندا هاتووە و ئەم ڕووداوە ناخۆشەی كە تووشی بوون، حكومەت یارمەتییان دەدات، یارمەتیی ئەم منداڵانەش دەدەین، چونكە نە ئەم ئافرەتانە و نە ئەم منداڵانە هیچ گوناحیان نییە. هیواداریشم كۆمەڵگەی ئێزدیش بتوانن ئەوانە جارێكی تر وەكوو قوربانی ببینن و وەریانبگرنەوە و جارێكی تر باوەشیان پێدا بكەن، بەڵام ئەگەر لە رووی كولتوورییەوە ئەمەش نەكرا یاخود ڕێگەیان پێ نەدرا، ئەوا حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماڵی ئەوانە و ئەوەی ئێمە پێمان بكرێ لە رووی دابینكردنی ئەمنیەت و ئاسایش و بژێویی ژیانیان و بەخێوكردنی منداڵانیش، ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنیان.

پرسیار: دوێنێ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رەخنەی لە هێرشەكانی ئێران و توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق گرت، هاوران لەگەڵ قسەكانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا؟

مەسرور بارزانی: ئێمە بێگومان هەمیشە گوتوومانە كە دژی هەر جۆرە پێشێلكارییەكین بەرامبەر بە سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت لە هەر لایەكەوە بێت. جیاوازییەك هەیە لەو كردەوە و پەرچەكردارانەی دەكرێن. ئێمە پێمان خۆش نییە وڵاتی ئێمە بۆ ناسەقامگیركردنی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بكرێت، هەمان داواشمان لە وڵاتانی دراوسێش هەیە كە دەست لە كاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق وەرنەدەن و بەشێك نەبن لە ناسەقامگیری بەڵكوو هاوكار بن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین هاوكاریی سەقامگیریی خۆمان و ئەوانیش بكەین.
ئەوەی لە لایەن ئێرانەوە دەكرێت، هەندێك هێرشی درۆن و مووشەكی كران، ئێمە لە كاتی خۆیدا هەڵوێستمان دیار كرد و بەردەوامیشین لەوەی كە ئیدانەی ئەم جۆرە هێرشانە دەكەین و هیوادارین ئەم هێرشانە بوەستن و كۆتاییان بێت.

لەبارەی توركیاش كێشەیەكی مەودادرێژی نێوان توركیا و پەكەكە هەیە، پەكەكە وایكردووە توركیا لەم جۆرە هێرشانە بەردەوام بێت، توركیا زیاتر ئامانجیان پەكەكەیە كە بەداخەوە هاتوونەتە سنووری ئێمە و بوونەتە هۆكاری ناسەقامگیری. هیوادارین ڕۆژێك لە ڕۆژان بە شێوەیەكی ئاشتییانە كێشەی كورد چارەسەر بكرێت و پەكەكەش چیتر نەتوانێت بە ناوی كوردەوە ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا بكات، ئێمە ئەوەی دەبینین زیاتر ئەوەیە كە پەكەكە بۆتە هۆكاری راكێشانی ئەم جۆرە هێرشانە لەسەر سنوورەكانمان كە بەداخەوە تا ئێستا زیاتر لە 800 گوندی ئێمە خاپوور كراون و ئێمە نەمانتوانیوە دەستی ئاوەدانییان بۆ ببەین، لەبەر ئەم هۆكاری شەڕ و پێكدادانەی كە هەیە.
بێگومان هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە كە ئەم شەڕە بەرەو كۆتایی بڕوات و ئێمەش بتوانین خەڵكی خۆمان بۆ ئەو ناوچانەش بگوازینەوە و ئاوەدانیان بكەینەوە.

پرسیار: چەند رۆژێكە شاندە بیانییەكان سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و لەگەڵتاندا كۆدەبنەوە، پرسی هەڵبژاردنەكان باس كراون، كەی هەڵبژاردن دەكرێت؟ هەنگاوی نوێتان بۆ بابەتی هەڵبژاردن چییە؟

مەسرور بارزانی: حكومەتی هەرێم هەڵوێستی زۆر دیارە، ئێمە لەگەڵ ئەوەین كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت. خۆزگە لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بكرایە، هەر ئەو وەختەش ئێمە ئامادەیی حكوومەتمان نیشان دا كە ئامادەین لە كاتی خۆیدا هەڵبژاردن بكرێت. بەڵام دەبێت حزبەكان هاورا بن و ئامادە بن بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، بەداخەوە چەند حزبێك پێیان خۆش نەبوو و ئامادە نەبوون كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت، ئەمە بووە هۆكاری ئەوەی كە دوابخرێت بە چەندین بیانووی جیا جیا. ئێستا پێمانوایە كە هیچ بیانووێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نەماوە، هەندێك بابەتی یاسایی هەیە كە پێویستە سەرۆكی هەرێم لە كاتی خۆیدا ماوەی هەڵبژاردن دیاری بكات، ئێمە بە هەموو توانایەكەوە ئامادەییمان هەیە وەكوو حكوومەت پشتگیری و ئامادەكاری بكەین بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا، بە دڵنیاییەوە ئێمە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتین و لەگەڵ ئەوەین هەڵبژاردن بكرێت. هیوادارم لە كۆتایی ئەمساڵ تێنەپەڕێت ئینشائەڵڵا.

Back to top button