وەزارەتی شارەوانی بڕوانامەی ئایزۆ دەبەخشێت

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی ئایزۆی بەخشییەوە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکەی

لە رێوڕەسمێکدا ئەمڕۆ پێنجشەممە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، بڕوانامەی متمانەی جۆریی بەخشییە فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکەی و رایگەیاند: ”لە چوارچێوەی پرۆسەی چاکسازی و کاربەڕێوەبردندا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و تا ئێستا بەردەوامە، لەمڕۆوە سیستەمی جۆری لە بەڕێوەبردندا دەستبەکار دەبێت.”

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند: ”سوودی ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە کارایی و نەهێشتنی رۆتین و فراوانبوونی بازنەی خزمەتگوزارییەکان کە خەڵکی بەگشتی هیوایەکی زۆریان لەسەر ئەو پڕۆژەیە هەڵچنیوە.”

لای خۆشیەوە د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی پڕۆژەکە گوتی:” هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بۆ ئەوەیە کە هاووڵاتیانی کوردستان سوودمەندی یەکەمی خزمەتگوزارییەکان بن و بتوانن ئەم پڕۆژانەی پێویستییانە داواکارییەکانیان بە‌ زووترین کات بگەیەنن.”

Back to top button