ڕۆژنامه‌ی “العرب”ی له‌نده‌نی: ململانێی بافڵ و لاهور ژیانی خه‌ڵكی سلێمانی خستووه‌ته نێو ترس و دڵه‌ڕاوكێوه
ڕۆژنامه‌ی “العرب”ی له‌نده‌نی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی ناكۆكییه‌كانی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه و تێیدا باسی له‌وه كردووه، كه سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی زۆر بۆ نزیككردنه‌وه‌ی دوو باڵه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی تا بگه‌ین به لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن، به‌ڵام تا ئێستایش میراتگرانی جه‌لال تاڵه‌بانی سوورن له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی ئامۆزاكه‌یان لاهور جه‌نگی له سه‌رۆكایه‌تیی هاوبه‌شی حزبه‌كه‌دا، به‌رده‌وامی ئه‌و ناكۆكییهیش دۆخی سلێمانی و ناوچه‌كانی ژێر هه‌ژموونی یه‌كێتی به ئاراسته‌ی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری ده‌بات.
ڕۆژنامه‌كه”العرب”ی له‌نده‌نی نووسیویه‌تی، ئێواره‌ی چوارشه‌ممەی ڕابردوو له زنجیره‌ی ناكۆكییه‌كان، هێزێكی چه‌كدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر باخێكی لاهور جەنگی له ناوچه‌ی كێڵهسپی له شاری سلێمانی، به گوێره‌ی زانیاری لایه‌نگرانی كوڕانی جەلال تاڵه‌بانیش هێزه‌كه به فه‌رمانی دادوه‌ر چوونه‌ته سه‌ر باخه‌كه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌كدار له نێو باخه‌كه بوونیان هه‌یه كه سه‌ر به هیچ هێزێكی فه‌رمی نه‌بوون، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌یش دا ژماره‌یه‌ك له‌و چه‌كدارانه گیراون.
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی هه‌ر به‌وه‌نده نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو ئاسایشی سلێمانی به‌یاننامه‌ی بڵاوكرده‌وه و ئاماژه‌ی داوه، كه هێزه‌كه‌یان توانیویه‌تی چه‌كی بێده‌نگ و ماده‌ی هۆشبه‌ر له نێو باخه‌كه بدۆزێته‌وه، كه ئه‌مانه‌یش تۆمه‌تی مه‌ترسیدارن، له ئه‌گه‌ری كاردانه‌وه‌ی لاهور جه‌نگی و لایه‌نگرانی، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ دۆخه‌كه بته‌قێته‌وه و كێشه‌ی گه‌وره دروست ببێ و دۆخی ته‌ناهی سنووره‌كه به ته‌واوی تێكبچێت.
شاره‌زایان و چاودێرانی سیاسی دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستایش حزبه‌كان هێزی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه و باس له‌وه‌یش ده‌كرێ كه لاهور جه‌نگی هێزی تایبه‌ت به‌خۆی دروست ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ هه‌ژموونی خۆی بۆ سه‌ر سنووره‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌و گرژییانه‌یش له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو هێزه‌كانی ته‌ناهی به چڕی له نێو شه‌قام و كۆڵانه‌كانی سلێمانی و ته‌نانه‌ت بازار و شوێنه گشتییه‌كانیش بڵاوه‌یان پێكرا، ئه‌مه‌یش نیگه‌رانی و ترسی لای دانیشتووانی شاره‌كه دروست كردووه، به تایبه‌ت ترسی زۆر هه‌یه كه ئه‌و گرژی و ناكۆكیانه په‌ره‌بستێنن و هه‌ردوولا به ڕووی یه‌كتر بته‌قنه‌وه و په‌نا بۆ چه‌ك ببه‌ن، چونكه هه‌رچه‌نده بافڵ تاڵه‌بانی هێزه فه‌رمییه‌كانی یه‌كێتی له ژێر ده‌سه‌ڵاتیدایه، به‌ڵام زۆرێك له هۆزه‌كانی ناوچه‌كه و ژماره‌یه‌كی به‌رچاویش له ئه‌ندامانی هێزه‌كانی ئەمنی پشتیوانی له لاهور جه‌نگی ده‌كه‌ن، داوای گێڕانه‌وه‌ی مافه‌كانی ده‌كه‌ن تا وه‌ك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌سبه‌كار بێته‌وه، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی دادگه ئه‌و مافه‌ی پێ ڕه‌وا بنیووه و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی له دژی ئه‌و گرتییه‌به‌ر، به نایاسایی هه‌ژماركراون.
كاردانه‌وه‌ی لاهور جه‌نگی له‌به‌رانبه‌ر هه‌ڵكوتانه سه‌ر باخه‌كه‌ی له كێڵهسپی ته‌نیا به ڕاگه‌یه‌نراوێك بوو له‌لایه‌ن نووسینگه‌كه‌یه‌وه، كه به توندی سه‌ركۆنه‌ی ئه‌و كاره ناشه‌رعییه‌ی كردووه، ئاماژه دراوه، كه ئه‌و هێزه بێ فه‌رمانی دادوه‌ر و بێ هیچ بیانووێك هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر باخه‌كه كه ته‌نیا چه‌ند جووتیارێك تێیدا ده‌ژین و هیچ كه‌سێكی تری تێدا نییه، ئه‌مه‌یشی به پێشێلكردنی یاسا ناوبردووه و دووپاتیشی له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و گرووپه ناشه‌رعییه باجی ئه‌و كارانه‌یان ده‌ده‌ن و هه‌نگاوی له‌مجۆره‌یش قبووڵكراو نییه و سه‌رجه‌م پیلانگێڕییهكانیان شكستی هێناوه و بافڵ تاڵه‌بانی و قوباد تاڵه‌بانیش به‌رپرسن له سه‌لامه‌تی گیانی ئه‌و جووتیارانه‌ی له نێو باخه‌كه ده‌ژین و بوونیان هه‌بووه.
له به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌یشدا دوای ماوه‌یه‌كی زۆر بێده‌نگی، لاهور جه‌نگی له دادگه سكاڵای له‌سه‌ر بافڵی ئامۆزای تۆماركرد، سه‌رجه‌م بڕیاره‌كان كه دژ به لاهور جه‌نگی ده‌ریكردووه، به نایاسایی هه‌ژماركرد، چونكه لاهور جه‌نگی له كۆنگره به هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی هه‌ڵبژێردراوه و ته‌نیا كۆنگره‌یش مافی دوورخستنه‌وه و لابردنی سیسته‌می هاوسه‌رۆكی هه‌یه، له دادگه‌یش دادوه‌ر هه‌مان بڕیاری ده‌ركرد و لاهور جه‌نگی به گوێره‌ی ده‌رئه‌نجامه‌كانی كۆنگره و پێڕه‌و پڕۆگرامی یه‌كێتی وه‌ك هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه.