یەكێتی ناچار كرا وێنەی شەهیدانی كۆماری كوردستان هەڵبواسێتەوە
كۆتایی هەفتەی رابردوو بە بیانووی نۆژەنكردنەوەوە، یەكێتی وێنەی چوار ئەفسەرە شەهیدەكەی لەسەر دەروازەی مەولەوی لە شاری سلێمانی لادا.
دوای ئەوەی لە سۆشیال میدیا رەخنەیەکی زۆر لەو کارەی یەکێتی گیرا، ئەمڕۆ شەممە 11ـی ئاداری 2023، نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كە گوایە ئەوان تێچووی نۆژەنكردنەوەكەیان لە ئەستۆ گرتووە، لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی دەروازەی شەقامی مەولەوی ”تەنیا وەک دیارییەک بۆ جەماوەر لە ساڵیادی راپەڕینی 7ـی ئاداردا کرایەوە، دەنا پرۆژەکە بەردەوامیی هەیە و چەند بەشێکی تریشی لەخۆ گرتووە.“
ئەوەشیان ئاشكرا كردووە كە ”لە بەشی لای راست و دیواری دوکانەکان، دیزاینی وێنەی هەر چوار ئەفسەرە شەهیدەکە و کاروباری تایبەت بە دانانی سیستمی رووناککردنەوە“ دادەنرێت، جگە لەوەی ”وەک بەشێک لە پڕۆژەکە، وێنەی پێشەوا قازی محەمەد لێ دەکرێتەوە و بە شێوازێکی جوانتر دیزایین دەکرێ و دادەنرێتەوە.“
ئەمە لەکاتێدایە ماوەی نزیكەی ساڵێكە كار لە دەروازەیەكی چەند مەتریدا دەکرێت، كەچی تازە بە تازە دەگوترێت كردنەوەی دەروازەكە تەنیا دیاری بووە و هێشتا قۆناغی دیكەی ماوە!
لەمبارەیەوە بەختەوەر سەپان، پارێزەر و چاودێری سیاسی راگەیاند، یەكێتی بە نیاز بووە وێنەی ئەو چوار ئەفسەرە شەهیدە لابدات، وا نەبوایە رێوڕەسمی كردنەوەی پرۆژەكەی رێك نەدەخست، بەڵام كاتێك دیویەتی لەسەری بووەتە دەنگوباس و خەڵكێك ناڕازین، ناچار بووە بڵێت پرۆژەكە قۆناغی دیكەی ماوە و وێنەی چوار ئەفسەرە شەهیدەكە دادەنرێتەوە.
گوتیشی: “یەكێتی خۆی باوەڕی بە كوردایەتی نەماوە، هەستی كوردایەتی خەڵك بە بەربەست لەبەردەم پرۆژەكانی خۆی دەزانێت، بۆیە بە رێگەی جۆراوجۆر هەوڵی لەناوبردنی ئەو هەستە دەدات. یەكێك لە دیارترین رێگەكان بۆ لەباربردنی هەستی كوردایەتیش، نەهێشتنی سیمبولەكانی كوردایەتییە لەبەرچاوی خەڵكی، بۆیە وێنەی چوار ئەفسەرەكەشی لاداوە.”