شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

 

شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند، لە ناوەراستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە کۆتایی هەفتەش بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت و پلەکانی گەرماش دادەبەزێت.
ئاراس جەبار، شارەزایەکی کەشناسی ڕایگەیاند: ئەگەر ھەیە ڕۆژی سێشەممە 14ـی ئەم مانگە ناوچەکانمان بکەوێتەوە ژێر کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و بارستەھەوایەکی شێداری گەرمی لەگەڵدا دەبێت کە لە وڵاتی سووریاوە کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ سەر ناوچەکانمان درێژ دەبێتەوە.ڕاشیگەیاند: سەرەتا ڕۆژی سێشەممە لە سنووری پارێزگای دھۆک کاریگەری دەبێت بە بارانبارینی پچڕپچڕ و لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکەشدا بە تاوەبارانی بەخوڕ و بەلێزمە،  دواتر بۆ ڕۆژی چوارشەممە 15ـی مانگ ئەگەر ھەیە حاڵەتەکە بەھێزتر ببێت، بەتایبەت لەسەر سنووری پارێزگای دھۆک بە چالاکبوونی ھەورەتریشقەی بەھێز و بارانی بەلێزمە و زۆر کە لە ھەندێ ناوچەی سنوورەکەدا ببێتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو.ئەوەشی خستووەتەروو، کە دوا بەدوای ئەوە ھەر لە ڕۆژی چوارشەممە و کاتە جیاوازەکانی نیوەرۆ بۆ شەو کاریگەری فراوانتر ئەبێت بۆ سنووری پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەڕین و سنووری پارێزگای کەرکووک و سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان بە تاوەبارانی بەخوڕ و ھەورەتریشقە بە ڕێژەی جیاواز لەھەر ناوچەیەکدا کاریگەری دەبێت.

 

Back to top button