وه‌زیری ته‌ندروستی: داخستنی كۆمپانیا و ده‌رمانخانه‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌ نیه‌!!

 

وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایده‌گه‌ینێت، به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ی‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ داخستن‌و كردنه‌وه‌ی‌ كۆمپانیاو ده‌رمانخانه‌كان، به‌هۆی‌ كوالیتی‌ نزم ‌و ئێكسپایه‌ربوونی ده‌رمان، له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ نییه‌، به‌ڵكو له ‌ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ندیكای‌ ده‌رمانسازاندایه‌، بۆیه‌ناتوانن دایانبخه‌ین.

د. رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا، كه‌ رۆژی سێشه‌ممه‌، له‌هه‌ولێر سازیكرد، ڕایگه‌یاند، له‌ ئێستادا 6 هه‌زرا جۆر ده‌رمان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نرخیان بۆ دیاریكراوه‌ پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت.

له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا ناوبراو وتی، 6 هه‌زرار جۆری‌ جیاوازی‌ ده‌رمان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستییه‌وه‌ نرخیان بۆ دیاریكراوه‌، هاوكات ده‌رمانی‌ دژه‌ ژه‌هریش تایبه‌ت به‌مارو دوپشك گه‌یشتۆته‌ نه‌خۆشخانه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌نه‌بونی‌ ده‌رمانی‌ دژه‌ ژه‌هری‌ مارو دوپشك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ چه‌ند كه‌سێك له‌مساڵدا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، د. رێكه‌وت وتی‌، ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵیكه‌ ده‌رمانی‌ دژه‌ ژه‌هر له‌به‌غداوه‌ نه‌هاتۆته‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌و له‌رێگای‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ درێژخایه‌ن هاورده‌بكرێت.

وه‌زیری‌ ته‌ندروستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌كرد، ئه‌و ده‌رمانه‌ دژه‌ ژه‌هره‌ی‌ له‌وڵاتان دروستكراوه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان نابێت، بۆیه‌ ده‌بێ له‌توركیا ده‌رمانی‌ دژه‌ ژه‌هری‌ تایبه‌ت به‌مارو دوپشكی‌ هه‌رێم دروستبكرێت”.

رێكه‌وت حه‌مه‌ره‌شید، وتیشی‌ “ده‌رمانی‌ دژه‌ ژه‌هری‌ تایبه‌ت به‌مارو دوپشكی‌ هه‌رێم گه‌یشتۆته‌ وه‌زاره‌تی‌ ته‌ندروستی‌ له‌ئێستاشدا له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نه‌خۆشخانه‌ فریاكه‌وتنه‌كان دابه‌شكراوه‌.

 

Back to top button