بەهێز حوسێن بۆ یەکێتی: وەزعەکەتان بۆگەن کردووە و ئەوەی بەرامبەرم دەکرێت بە ئیهانەی دەزانم

کادیرێکی دیاری راگەیاندنی یەکێتی لە روونکردنەوەیەکدا کە لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە باس لەوە دەکات کە لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی لە میدیاکانی یەکێتی رێگای کارکردنی پێ نادرێت و ماوەی چوار ساڵە وەک بندیواری مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی مووچەی ٤٢٥ دۆلاریان بۆ بڕیوەتەوە و لە کاتێکدا مانگانە ٥٥٠ هەزار قیستی شوقە دەدات و ئەرکی بژێوی خێزانێشی لەسەرە و دەڵێت بەرپرسێکی یەکێتی نەیپرسی باشە تۆ بەچی دەژیت !؟.

دەقی روونکردنەوەکەی بەهێز حوسێن:

روونکردنەوەیەکی پێویست…زۆر بەکورتی

ماوەی چوار ساڵە وەک بندیوار مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی مووچەی ٤٢٥ دۆلاریان بۆ بڕیومەتەوە ( ئەندامی ئەنجومەنی راوێژکاریی ) و لەماڵی خۆم بێ کار دانیشتووم ، هۆکارەکەش ئەوەیە برادەرێک لە ناو راگەیاندن دەموچاوی منی بەدڵ نییە ، گرەویان لەسەر کردبووم کە سێ مانگ ناخایەنێت و بەهێز حوسێن خۆی دەکات بە کەناڵێکی نەیاردا ، بەڵام ئەوە چوار ساڵ تێپەڕی و سەرتان دای لەبەرد !.

لە دواین هەڵمەتی هەڵبژاردنیشدا بۆ پەرلەمانی کوردستان خۆبەخشانە ماوەی یەک مانگ لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان بەرنامەم پێشکەشکرد و سەربەزانەش دڵسۆزیم بۆ یەکێتی دووپاتکردەوە .

چوارساڵە دانم بەخۆمدا گرتووە و لەبەر ڕێزی مێژووی خۆم و ١٥ ساڵ کار و داهێنان لە ڕاگەیاندنی یەکێتی و ٢٧ ساڵ ئەزموونی کاری میدیایی قسەم نەکردووە ، ئەگەر نا ئەوەندە دەست و پێ سپی نیم لە کاری میدیایی تا کارم دەست نەکەوێت یان لێی نەزانم!.

تەنها مانگانە ٥٥٠ هەزار قیستی شوقە دەدەم و ئەرکی بژێوی خێزانێکیشم لەسەرە ، هەڤاڵێکم نەیپرسی باشە تۆ بەچی دەژیت !؟.

ماوەی چەند مانگێک شاگردیم کرد لە دوکانێکی بچوکدا عەریزە نووسیم دەکرد ڕۆژی بە دەهەزار و ١٥ هەزار دینار ، کامتان ئاگاتان لەم وەزعەی من هەبوو؟

کامتان ئاگادارن لەبەر نەداری هەردوو کوڕەکەم نەتوانی بخەمە باخچەی ساوایان و ساڵێک گەورەکەیانم دواخست لە قوتابخانە و بە ٧ ساڵی داخڵم کرد؟

کامتان هاتن لەوە بکۆڵنەوە کە دیارترین میدیاکارتان بۆ لەسەر شاشە نەماوە!؟.

هەڤاڵانی ل. مەکتەبی ڕاگەیاندن و لێپرسراوی سکرتارییەتی هەڤاڵ مام جەلال و زۆرێک لە م.س و سەرکردایەتییەکانیشم لەم بێ ئەرزشکردنەی من ئاگادار کردۆتەوە ، بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەبووە و لەم چوار ساڵەدا کەسێکیان تەلەفۆنێکیشیان بۆ هەواڵپرسین بۆ نەکردووم .

وەک ئەرکێکی ئەخلاقیانەی خۆم بەرامبەر بە هاوسەر و مناڵەکانم و ئەو پاپەندە داراییانەی لەسەرمن ، لێرەوە ڕادەگەیەنم کە چیتر دەستەوەستان نامێنم و بەدوای کاردا دەگەڕێم ، بەداخەوە دوای ئەم هەموو ساڵە لە خزمەت و دڵسۆزییەم هەڤاڵەکانم ناچارم دەکەن لە دەرگای ئەم و ئەو بدەم بۆ کارکردن و لەو میدیایەی شەونخوونی و دڵسۆزیم تێداکرد و بێ مووچەیم تێدا قەبوڵکرد شوێنم نەبێتەوە ، وەزعەکەتان بۆگەن کردووە و ئەوەی بەرامبەرم دەکرێت بە ئیهانەی دەزانم…

داوای لێبووردن لە کەسە دڵسۆز و خەمخۆرە بێدەسەڵاتەکانی یەکێتی دەکەم و هەموو لایەکتان هەر شاد و سەلامەت بن .

Back to top button