مهسرور بارزانی: سوپاس بۆ خوا ئێستا كوردستان لە هەموو كاتێك ئاوهدانترە
ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئاداری 2023، بە ئامادەبوونی مەسروربارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم دیداری لاوان لە شاری دهۆک دەستی بە کارەکانی کرد، لە دەستپێکی دیدارەکەشدا گفتوگۆی گەنجان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
پوختەیەک لە وەڵام و گوتەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
• سەرۆک بارزانی بۆ من جێگەی شانازییەكی زۆر مەزنە، ڕاستە كوڕی ئەوم، بەڵام هەموو كاتێك وەك خزمەتكارێك لەگەڵی بووم و زۆر شتیشی لێ فێر بووم، ئەو سیفەتانەی من تێیدا بینیم و زۆر بووە جێی سەرنجی من و هەوڵمداوە لێی فێر بم، راستگۆییە و نیشتمانپەروەری و وەفادارییە. من زۆر پێی سەربەرزم و ئینشاڵڵا ئێمە بتوانین بەردەوام بین و ڕێگای ئەو بەرنەدەین.
• سەرسامم بە جەنابی بارزانیی نەمر، نەك لەبەر ئەوەی كە باپیری منە، بۆ من جێی شانازییەكی مەزنە، بەڵام كەسێك بووە كە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە كوردستان دامەزراندووە، شۆڕشی ئەو سەرانسەری بووە و لە هەر چوار پارچەی كوردستان ناوی مەلا مستەفای بارزانی دیار و جێی ڕێز و تەقدیرە و بۆ ئێمەش جێی شانازییە.
• سەركردەی بیانیش هەن، بەڵام گاندی زۆر پێی سەرسام بووم، چونكە یەكێك بووە لەو كەسانەی كە ڕێگەی بەرخودان و ئازادیی میللەتی خۆی لەوەدا دەبینییەوە، كە هاریكاری لەگەڵ داگیركەر نەكات، ئەو ڕێگەی ئەو هەڵی بژارد تەنیا و تەنیا هاریكاری لەگەڵ داگیركەر و ناحەز و دوژمنان نەكەن، سەردەكەون.
• لەگەڵ هەڤاڵەكانی خۆمان كاتێك لەگەڵ پێشمەرگەكان دادەنیشتین، دەمانگوت تەنیا رۆژێك ئێمە بگەڕێینەوە كوردستان و بە ئازادی و سەربەستی ژیاباین، با لە بن تەڕاشێك بووینایە. ئێمە گەڕاینەوە كوردستان، ئێستا كوردستان ئازادە، ئێمە نەك لە بن تەڕاش و خێوەتاندا نین، سوپاس بۆ خوا ئێستا كوردستان لە هەموو عێراق ئاوهدانترە.
• ئەوەی مێژووی خۆی و ڕابردووی خۆی نەزانێت، بناغەیەكی باشی نابێت بۆ بنیادنان و دروستكردنی داهاتوویەكی باشتر.
• بۆ پاراستن و باشتركردنی ئەو ژیانە، پێویستە ئێمە پێكەوە كار بكەین.
• هەر هاووڵاتییەكی كوردستان خاوەنی ئەم وڵاتەیە، هیچ حیزبێكی سیاسی یان ڕێكخراوێك ناكرێ بڵێ من بڕیاردەر و خاوەنی ئەم وڵاتەم و ئەوانەی دیكەش دەبێ تەنیا ئیتاعە بكات.
• حیزب و ململانێی حیزبی ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی نیشتمانی بێت، شتێكی زۆر باشە، ئەگەر حیزب بووە كەرەستە و ئامراز بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی نەتەوەیی و نیشتمانی، شتێكی زۆر باشە و پێویستە ئێمە پشتیوانی ئەو حزبە بكەین.
• ئەگەر حیزب خۆی بووە گرفت بۆ سەر دەستكەوتی نیشتمانی و حیزب بووە ڕێگر بۆ پێشخستنی نیشتمان و ئاوەدانیی ئەو وڵاتە، پێویستە هەر هاووڵاتییەك هەڵوێستی هەبێت بەرامبەر هەر حیزبێك بێت یان هەر كەسێك بێت كە ئەم ڕێگەیە دەگرێتە بەر.
• جێی داخە كە هەموو حیزبەكان بەرژەوەندییەكانی وڵاتی خۆیان و میللەتی خۆیان لەبەرچاو نەگرتووە، هەندێك لەو حیزبانە زیاتر خۆیان لەبەرچاو گرتووە.
• هەندێك هێڵی سوور هەن كە ئەویش پاراستنی بەرژەوەندیی نیشتمانییە، نە دەسەڵات و نە ئۆپۆزسیۆن نابێ ئەو هێڵانە تێپەڕێنن.
• پێویستە گەنجان خۆیان بیر بكەنەوە، یەكێك لە كێشە گەورەكانی كۆمەڵگە ئەوەیە كە ئەگەر تاك خۆی بیر نەكاتەوە و چاوەڕێ بێت یەكێك پێی بڵێ ئەوە بكە و ئەوە مەكە، ئەو كۆمەڵگەیە هێشتا پێ نەگەیشتووە.
• من ئومێدم یەكجار زۆرە، چونكە ئێمە بە ماندووبوونی گەنجان و پێشمەرگە و هەموو دەزگا و دامەزراوەكانی خۆمان و خۆڕاگریی میللەتەكەمان قۆناغی گەلێك ناخۆشمان تێپەڕاند.
• حكومەت لە میللەتەوە دروست دەبێت و ئامانجیشی خزمەتكردنی میللەتە، بۆیە دروستكردنی پەیوەندییەكی تەندروست لە نێوان دەسەڵات و خەڵكی، جا لاوان یا هەر تەمەنێك بن، ئەوە پێویستییەكی زەروورییە.
• چەند هەوڵ دەدرێت بۆ سەركەوتن و پێشخستنی وڵاتی ئێمە، هێندەش لە لایەن ناحەزان هەوڵ دەدرێن بۆ دڵگرانكردنی گەنجانمان و ڕێگەگرتن لێیان و چاندنی تۆوی ناتەبایی لەنێو گەنجانمان، پێویستە گەنجانمان هۆشیار بن و نەكەونە داوی ناحەزان.
• لە كوردستان تا ئێستا شتی زۆر باش كراوە، وەك ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و پارێزگاریكردن لەم قەوارەیە و دروستكردن و ئاوەدانكردنی باڵاخانە و ڕێگەوبان و زۆر شتی باش كراوە.
• ئەوەی ئێمە كردوومانە لە زۆر شت لەوانەیە وەكوو باڵاخانە لەبەرچاوتان نەبێت، بەڵام ئەوەندە ئیشی باش كراوە كە ئەمە پێویستە بۆ دروستكردنی ژێرخانی ئابووری.
• تێچووی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر حكومەت حەوت سەنتە و لەسەر هاووڵاتی بە سەنت و نیوێك حیسابە، ئەگەر هاووڵاتی لەگەڵ حكومەت ڕێك بكەوێ و بەرپرسیارێتیی خۆی بەرامبەر بە حكومەت هەڵبگرێ، من دڵنیاتان دەكەمەوە كە حكومەت كارەبای 24 كاتژمێری بە هاووڵاتیان دەدات، هەم هاووڵاتی سوودمەند دەبێ چونكە پێویست ناكات ئەم هەموو پارەیە بدات بە مۆلیدە، بە زۆر كەمتر لەوە دەتوانێ كارەبای 24 كاتژمێری لە حكومەت وەربگرێت.
• تا ساڵی 2025 هەروەكوو بەڵێنمان داوە، دەبینە وڵاتێك و حكومەتێك كە هەموو خزمەتگوزارییەكانمان بەشێوەی دیجیتاڵی و ئۆنلاین دەبێ و پێویستیمان بە كاغەز نابێت.
• ئومێدم وایە بە جێگیركردنی پڕۆژەی هەژماری من ئیدی بابەتی مووچە و ئەوانە نەبێتە مانشێتی كەناڵەكان.
• دوایین جار كە چوومە لەندەن، لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی بریتانیاش ڕێككەوتنێكمان كرد بۆ ئەوەی بێن هاوكاریمان بكەن لەسەر ئاستی پەروەردە و قوتابخانەكانی دیكەی ئێمە هاریكار بن بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن. ئەمە بەشێكە لەو هەوڵانەی كە حكومەت دەیدات.
• بواری پەیمانگە پیشەییەکان زۆر زەروورن و ئێمە بە جیددی كاری لەسەر دەكەین، ئەم هەلە بۆ خەڵكی ئێمە بكرێتەوە، ئەو كەسەی بچێت كار بكات، فێری پسپۆڕییەكیش ببێت و شارەزا بیت، ئەمە زۆر كێشە چارەسەر دەكات.
• سۆشیال میدیا بەشێكە لە ژیان، ئێستا هەر كەسێك تەلەفۆنی پێ بێت، هەوڵ دەدات سەیر بكات هەواڵ لە كوێیە، منیش وەك هەموو هاووڵاتییەك سۆشیال میدیا بەكار دێنم، زۆر جار هەواڵەكانی خۆم لە كەناڵەكان و سایتەكانی سۆشیال میدیا وەردەگرم.
• حەز دەكەم گەنجانی ئێمە بزانن لەو ئاستەدا سۆشیال میدیا بەكار بهێنن كە لە خێری ئەواندا بێت، هیچ جارێك سۆشیال میدیا نەكەن بە ئامرازێك بۆ زیانگەیاندن بە كەسێكی دیكە.