کەشناسی هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکى باران بارین بۆ سەر هەرێمی کوردستان
بەشی پێشبینی لە بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند: رۆژى چوارشەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى تورکیا روو لە ناوچەکەمان دەکات و شەپۆڵێکى باران بارین تەواوى ناوچە جیاجیاکانى هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
لە ماوەى کاریگەرى ئەم شەپۆلەشدا ئاستى دابارین لە تەواوى ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەرێژەى مامناوەند و هەندێ کات لێزمە باران دەبێت لەگەڵ هەورە تریشقە.
هەروەها زۆرترین رێژەى باران بارینش لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و ناوچەشاخاوی و قەزاو ناحیەکانى پارێزگاکە دەبێت، بەبەراورد بە ناوچەکانى تر، لەکاتى دابارین پێشبینى بەرزبوونەوەى ئاستى ئاو دەکرێت.
کاریگەرى شەپۆلەکە تا رۆژى پێنج شەممە بەردەوام دەبێت و باران بەرێژەی کەمتر لە ناوچەى جیاجیا دەبارێت، لەگەڵ هاتنى بارستە هەوایەکى سارد هاوکات ئەگەری بارینی تەرزە هەیە و پلەکانى گەرما بە (4-6) پلە نزم دەبنەوە، لەکاتەکانى ئێوارەدا کاریگەرى ئەم شەپۆلە کۆتایی دێت.
بەشى پێشبینى
13-3-2023