ناوەڕۆکی کۆنفرانسی رۆژنامەوانی مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی بڵاوکرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 2023/3/14، لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکی وەزیرانی فیدرال و شاندێکی یاوەری کرد.
پاشان لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە کەشێکی ئەرێنی و هەوڵدانێکی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، گوتیشی: “ئەگەر نیاز و ویست و ئیرادە هەبێت ، دەکرێ هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن”.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵی کرد بۆ کارکردن لە سەر چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی ستایشی پەسەند کردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی کرد کە بە هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ ئامادە کرا، هیواشی خواست ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە نزیکترین کاتدا پڕۆژە یاساکە وەکو خۆی پەسەند بکات.
هەروەها سەرۆکی حکومەت دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیران و کابینەی حکوومەتی عێراقیش کرد بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بەو هیوایەی ببێتە دەستپێکێک بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی دانیشتووانی هەڵەبجە .
لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، جەختی لەوە کردەوە کە دەرفەتێکی باش و ئارەزوو ویستێکی بەهێزمان هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لە کەشێکی دۆستانەدا بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەر کرا لەوانە، گرنگیی ئامادەکردنی هەردوو پڕۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ و یاسای نەوت و گاز، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال وەکو خۆی و دەرچوونی هێز و میلیشیا چەکدارەکان و ئاساییکردنەوە و ئاوەدانکردنەوی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی رژێمی بەعس بەپێی دەستوور، بەتایبەتی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدانی کیمیاباران و ئەنفالکراوان و هەروەها پەرەپێدانی هەماهەنگیی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.