رۆژنامەی شەرقولئەوسەت: سوودانی لە هەوڵی بونیاتنانی قۆناغێکی نوێدایە لەنێوان هەولێر و بەغدا

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت چاپی لەندەن بڵاویکردەوە، محەمەد شیاع سوودانی لە هەوڵی بونیاتنانی قۆناغێکی نوێدایە لەنێوان هەولێر و بەغدا.

سەبارەت بە یەکەم سەردانی محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دا هاتووە، پاش ساڵانێک ململانێ، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق هەنگاوی ئەرێنی ناوە و لە هەوڵی دروستکردنی کەشێکی بنیاتنەرانەدایە لەنێوان هەرێم و بەغدا.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو شاندە باڵایەی لەگەڵ سوودانی بۆ هەرێم هاتوون، پەیوەندییان بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان هەیە و مەبەستیانە چارەسەری گرفتەکان بکەن.

لەبارەی سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسان و پێکهاتەکانی هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، “گفتوگۆیەکی بنیاتنەر و بەرهەمدارمان لە شاری هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سازکرد”.

هەروەها سوودانی نووسیویشیەتی، “هەستمان بە خواستێکی جددی کرد بۆ پێکەوەکارکردن لەپێناو ئاواتی نەوەکانی گەلە خۆشەویستەکەمان لەهەموو شوێنێک”.

Back to top button