مەسرور بارزانی: دەمانەوێت خزمەتگوزاریی هەژماری من بە هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بگات
ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/3/14 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا جەختی لە گرنگیی، پرۆژەی (هەژماری من) کردەوە و چەند پرسێکی تایبەت بە کاروباری دارایی و بانکییشی ڕوون کردەوە.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی ئەو گفتوگۆکەدا سەبارەت بە هەبوونی متمانەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە سیستەمی بانکی دەڵێت: بەداخەوە تاوەكوو ئێستا، ئەوەی ڕاستی بێت سیستەمێكی بانكیی جێگیر لە هەرێمی كوردستاندا نەبووە. هەندێك موئەسەسە هەبوون كاری بانكییان كردووە، بەڵام وەكوو سیستەمی بانكیی پێشكەوتوو كە لە وڵاتانی پێشكەوتووی دنیادا هەیە، لە كوردستان و بگرە لە هەموو عێراقیشدا وەكوو پێویست نەبووە، بۆیە ئەم متمانەیەش دروست نەكراوە.
سەرۆکی حکومەت روونیشی کردەوە: ئەوەی ئێمە دەمانەوێ بیكەین، هەم لە لایەكەوە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی قسەی زۆرمان كردووە و لەسەر ئەم بابەتە كاری زۆریشمان كردووە كە هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لە نێوان حكومەتی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیدا هەبێت. لە لایەكیشەوە ئەم سیستەمە پێشكەوتووە بانكییەی كە لە دنیادا باوە، ئێمە بێنین لە كوردستان جێگیری بكەین و هەنگاوی پێویستیشی بۆ بهاوێژین، هەموو شتێك لە هەنگاوی یەكەمەوە دەست پێ دەكات.
ئایە بانکی تایبەت دەتوانێت ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرێت؟ سەرۆکی حکومەت گوتی، ئێمە بڕوامان بە کارتی تایبەت هەیە، بە بانکی تایبەتیش هەیە، بەڵام ئەوانە ئەو بانکانەن کە متمانەیان لە بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرتووە، کەواتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەبەینی بانکی ناوەندیی عێراق و ئەو بانکانە هەیە، کە ئێمە بەکاریان دەهێنین بۆ جێبجێکردنی ئەم پڕۆژەیە. لەبەر ئەوەشە کە ئەو بانکانە دەتوانن ئەم کارە بکەن و ئەو رێنماییانەی کە حکومەتی فیدڕاڵ یان بانکی ناوەندیی هەیەتی لەسەر ئەو بانکانە جێبەجێدەکرێن و ئەوانیش پابەندەبن پێی.