پاداشتی یەکێتی بۆ قوربانیانی هەڵەبجە ئازادکردنی تارق ڕەمەزانی فڕۆکەوان بوو لە لایەن خودی مام جەلال و ئێستاش خزمەتنەکردنیان 

نووسین/ سەهل سوورچی

کارەساتەکەی هەڵەبجە وێڕای ئەوەی برینێکە سارێژبوونی نیە کە دەرهەق بە هاووڵاتییانی شارەکە کرا، بەڵام ئەوەی زیاتر برینەکەی قوڵتر کردۆتەوە کەمی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتنەکردنی شارەکەیە لە لایەن حزبی دەسەڵاتداری ناوچەکە کە یەكێتیە.

وێڕای ئەوەش پاداشتی یەکێتی بۆ قوربانیانی هەڵەبجە ئازادکردنی تارق ڕەمەزانی فڕۆکەوان بوو لە لایەن خودی مام جەلال، کە یەکێک بوو لەو فڕۆکەوانانەی کیمیایی ڕشت بەسەر شارەکە، جگە لەمەش لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران یەكێتی دەستی لەگەڵ پاسدارانی ئێران تێکەڵ کرد و بەپێی تەواوی ئەو بەڵگەنامانەی بەدەستن پاسدارانی هێنایە دەورووبەری شارەکە، مەفرەزەکانیشیان ڕێگربوونە لە دەرچوونی خەڵکی هەڵەبجە بە تایبەت کاتێک هەستیان بەو مەترسیە کردووە.

ئەم کارەساتە وێڕای ئەوەی 35 ساڵە بە جەستەی نیشیمانەوە هێشتان خوێنی لێ دەچۆڕێت، بەڵام هێشتان ئەو زوڵمە لەو شارە بەردەوامە، چاڵاکوانانی شار کە کەس وکاری شەهیدانن لەلایەن ئاسایشی یەکێتی دەستگیر دەکرێن و ناهێڵن دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە و بڵین کە ئێوە 35 ساڵە نەک هیچتان بۆ نەکردین بەڵکو ئەوانەشتان ئازادکردن کە ئێمەیان خستەژێر خاک.

Back to top button