قوباد تاڵەبانی بە بێ ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە دەربەندیخان کارێکی نایاسایی دەکات

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت كە قوباد تاڵەبانی بە بێ ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگا بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی شارۆكەی دەربەندیخان تەرخان كردووە، ئەمەش كارێكی كەسییە و دوورە لە رێساكانی حكومەت و هۆكاری ئەم كارەش كە كردوویەتی دیار نییە، ئەندامێكی ئەو لیژنەیەیش كە لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی دانیشتووە رایدەگەیەنێت، هیوادارین بەڵێنەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، لە ئەگەری هەر كەمتەرخەمی و بێبەڵێنییەك، هاتنەوە سەر شەقام و خۆپێشاندانەكان دەست پێ دەكەنەوە.

بارزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، وەك ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاگامان لەو بڕە پارەیە نییە كە قوباد تاڵەبانی بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانی شارۆچكەی دەربەندیخان تەرخانیكردووە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی زیاتر دەڵێ، هاوسۆز و هاوڕاین لەگەڵ تەواوی داواكاریی هاووڵاتییانی شارۆچكەی دەربەندیخان، پێمان وایە دەبێت خزمەتی رژد و باش بە ئەو شارۆچكەیە و تەواوی شار و شارۆكەكانی كوردستان بكرێت بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەم كارەی قوباد تاڵەبانی كردوویەتی، كە بریتییە لە تەرخانكردنی 10 ملیۆن دۆلار بۆ بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەكانی ئەو شارۆچكەیە، دوورە لە رێساكانی كاری حكومەت، بەڵكو چەند هاووڵاتییەكی ئەو شارۆچكەیە بوون كە چوونەتە نووسینگەی تایبەتییەكەی و بەڵێنی تەرخانكردنی ئەو پارەیان پێ دراوە، ئەوەش بۆ گفتار بەڵێنی ئەو بڕە پارەی پێ داون.

ئەمە لەكاتێكدایە كە نزیكەی 600 پڕۆژە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبوونی داهات و نەمانی پارە لە بانكەكان، بە تەواونەكراوی جێ هێڵدراون و پارەیان بۆ تەرخان ناكرێت، بۆیە ئەم كارەی قوباد تاڵەبانی، كە دوورە لە رێساكانی حكومەت و بەبێ ئاگایی لایەنی پێوەندیدار ئەنجامی داوە.

 

 

Back to top button