مەریوان قەرەنی: یەكێتی رێگەی بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نەداوە خزمەتی هەڵەبجە بكات
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رەخنەی توند لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت و رایدەگەیەنێت، ئەو حیزبە رێگە بە حكومەتی هەرێمی كوردستان نادات، خزمەتی هەڵەبجە بكات.
مەریوان قەرەنی، كە هاوكات ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقیشە، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، نووسینێكی لە 35 ساڵڕۆژی تاوانی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: بە بۆنەی 35ەمین ساڵڕۆژی كیمیابارانی شاری هەڵەبجە لە لایەن رژێمی عێراق، بە خەمبارییەوە یادی ئەو هەزاران شەهیدە دەكەینەوە كە بە ناهەق و پیلانێكی زاڵمانە، بوونە قوربانیی دڕندەیی حكومەتی عێراق. ئەو شەهیدانە، تا هەتایە، لەنێو دڵ و ڕۆحی خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمێننەوە، هەروەك هەمووشمان هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەخوازین.
هاوكات بەرپرسیارێتی لایەنەكانیشی بەرامبەر بە هەڵەبجە بۆ سێ ئاست دابەش كردووە و نووسیویەتی: لە ئاستی حكومەتی عێراق، ئەو لایەنەی بووەتە هۆی وێرانكردنی هەڵەبجە و خەڵكەكەی كیمیاباران كردووە و ژینگەكەی شێواندووە، حكومەتی عێراقە كە لە ساڵی 1988دا تاوانێكی نەگریسی ئەنجام داوە، هەرچەندە بەپێی دەستووری عێراق، دەبوایە خەڵكی هەڵەبجە قەرەبووی تەواو بكرێنەوە، وەك چۆن حكومەتی عێراق لە ساڵانی رابردوو قەرەبووی داگیركردنی (كوێت)ی لە لایەن حكومەتەكانی پێشووتری عێراق دایەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی عەقڵی شۆڤێنی و سازشكردنی ئەو حیزبەی دەستی بەسەر هەڵەبجەدا گرتووە بۆ بەغدا و دروستنەكردنی فشار، تاوەكوو ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، نەك قەرەبووی هەڵەبجە نەكراوەتەوە، بەڵكوو لە ڕێگەی گەمارۆدانی ئابووریی هەرێمی كوردستان و بڕینی بەشەبوودجەی كوردستان كە هەڵەبجەییەكان بەشێكی سەرەكیی خەڵكی كوردستان پێك دەهێنن، جارێكی دیكە هەڵەبجەییەكان كەوتوونەتە بەر سزای حكومەتی عێراق.
قەرەنی ئەوەشی روونكردووەتەوە: هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەپێی پێویست هەنگاوێكی ئەوتۆی نەناوە كە لە ئاستی ئەو تاوانە بێت كە بەرامبەر بە هەڵەبجە كراوە. هێشتا لێكۆڵینەوەیەكی ورد و تەواو لەبارەی ئەو كۆمپانیایانە نەكراوە كە چەكی كیمیاوییان بە حكومەتی عێراقی ئەو سەردەمە فرۆشتووە. ئەمە جگە لەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆیشی لە هاندانی عێراق بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانیانی هەڵەبجە و ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجە، نەگێڕاوە. هیچ دەزگایەكی نێودەوڵەتییش دەستپێشخەرییەكی یەكلاكەرەوەی نەبووە بۆ ئەوەی تێچووی چارەسەری ئەو بریندارانەی كیمیابارانی هەڵەبجە لەئەستۆ بگرێت كە تاوەكوو ئەمڕۆ بەدەست ئەو تاوانەوە دەناڵێنن.
مەریوان قەرەنی لەبارەی بەرپرسیارێتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە هەڵەبجە دەڵێت: لەبەر ئەوەی هەڵەبجە یەكێكە لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەركی سەرشانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بایەخی پێ بدات و خزمەتی بكات، بەڵام بەداخەوە بەهۆی باڵادەستیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە سنووری سلێمانی و دەست بەسەرداگرتنی داهاتی ئەو سنوورە و بەتاڵانبردنی داهاتەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەڕین و گەرمیان، لە ساڵانی رابردوودا رێگە نەدراوە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆڵی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی هەڵەبجەدا بگێڕێت. هەرچەندە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی خۆی داوە بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵەبجە بكات، بەڵام ڕێگرییە حیزبیەكان كاریگەرییەكی گەورەیان بەسەر رەوتی خزمەتگوزارییەكانەوە هەبووە، بەم هۆیەشەوە دەبینین ئەمڕۆ بەشێكی زۆری خەڵكی هەڵەبجە نیگەران و نارازین و داوا دەكەن خزمەت بكرێن.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لا كۆتاییشدا وێرای ناردنی سڵاو بۆ رۆحی شەهیدانی كیمیابارانی هەڵەبجە و تەواوی شەهیدانی كوردستان دەڵێت، داوای لە حیزبەكان كردووە، بە تایبەتیش یەكێتی، كۆتایی بە دەستێوەردان لە كاروباری سنوورەکە بهێنێت و رێگە بدات حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك ئەو خزمەتەی پێشكەش بە سەرجەم ناوچەكانی دەكات، هەڵەبجە ئاوەدان بكاتەوە و چیتر ئەو شارە غەدرلێكراوە، نەبێتە قوربانیی باڵادەستیی هەژموونی حیزبێك.