بارانبارین و هه‌وره‌بروسكه‌ ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌

ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شوهه‌وا رایگه‌یاند، لە ئەنجامی کاریگەری ھاتنی نزمە پاڵەپەستۆیەکی نوێی دەریای ناوەڕاست بۆ سەر تەواوی ناوچەکانی هه‌رێمی كوردستان، سبەی یەکشەممە 19ـی 3ـی 2023، لە کاتەکانی بەیانییەوە، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ نیمچە ھەور و ھەوری تەواو، لەگەڵ ناجێگیریی کەشوھەوای ناوچەکە، بە زیادبوونی خێرایی با لە نێوان 15 تا 35کم له‌ كاتژمێرێكدا، به‌ ئاڕاستەی باشووری رۆژھەڵاتەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، ناوبەناو ھەورە بروسكه‌ و تاوەبارانی بەخوڕ لە ناوچەی جیاجیادا ده‌س پێده‌كات، لەگەڵ بارینی تەرزە و لەھەندێ کات و ناوچەدا بەتایبەتیش لەکاتەکانی نێوان نیوەرۆ بۆ ئێوارە ئاستی بارانبارین و چالاکبوونی ھەورەبروسکە زیاتر ئەبێت، لە کاتەکانی ئێوارە و شەودا کاریگەری کەمدەبێتەوە و پلەکانی گەرماش بەرێژەی 2 تا 3 پلە نزمدەبنەوە.

ئه‌و كه‌شناسه‌ ئاشكراشی كردووه‌، كه‌ دووسبەی دووشەمە 20ـی 3ـی 2023، لە ھەندێك کاتەکانی دوای نیوەڕۆ بەدواوە تاوه‌كو کاته‌كانی شەو، تاوەباران و ھەورە بروسکە لە ناوچە جیاجیاکاندا دەست پ ێدەکاتەوە، بەڵام بەراورد بە سبەی کاریگەریی کەمتر ئەبێت ماوەی تاوەبارانەکان کورت خایه‌ن ئەبێت.

 

Back to top button