سەرۆك بارزانی میوانداریی دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات
رۆژی شەممە 18ی ئاداری 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی میوانداریی ژمارەیەكی زۆر لە باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەرایەتیی وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد و نیوەڕۆخوانێكی بۆ ساز كردن.
لەو میواندارییەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەشی میوانەكان كرد و، لە گوتەكەیدا زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی میوانانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هێما و مانا و بۆنەكانی مانگی ئادار و نەورۆز بۆ گەلی كوردستان هیوای ئەوەی بۆ خواستن كە لە رۆژانی جەژن و پشوودا كاتێكی خۆشیان لە كوردستان هەبێت.
لە درێژەی گوتەكەیدا سەرۆك بارزانی رۆشنایی خستە سەر بارودۆخی سیاسی و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە دەرفەتێكی باش بۆچارەسەركردنی كێشەكان لەئارادایە و ئیرادە و خواستێكیش دەبیندرێت بۆ ئەوەی كێشەكان بە لێكتێگەییشتن و بە پشتبەستن بە دەستوور و لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنانە چارەسەر بكرێن كە لەنێوان لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت بەستراوە. سەرۆک بارزانی سەردانی چەند رۆژی رابردووی بەڕێز محەمەد شیاع سودانی بۆ هەرێمی کوردستانی بە دەرفەتێکی باش بۆ لێکتێگەییشتنی زیاتری نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لەمەڕ نەهێشتنی ناکۆکییەکان لەقەڵەم دا.
هەروەها سەرۆك بارزانی هێمای بە پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش دا و جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ئەوەی شەرعیەت لە هەرێمی كوردستان نەخرێتە ژێر پرسیار پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بكرێت و ئەوەشی راگەیاند كە هاوكاری و هەماهەنگییەكی باش لەنێوان تیمە نێودەوڵەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم هەیە بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان.
پەیوەست بە مافی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنەكاندا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە نابێ هیچ دەستوەردان لە مافی پێكهاتەكاندا بكرێت و، ئیرادە و سیغەیەكی دیاریكراوە بەسەر پێكهاتەكانی هەرێم بسەپێندرێت. دەبێ رێز لە ئیرادەی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان بگیرێت و خودی پێكهاتەكان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەر سیستەمێك بۆ بەشداریكردنی پێكهاتەكان بە باش بزانن بەلای ئێمەشەوە پەسەند دەبێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا بۆ ئامادەبوان كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی تێبینی و پرسیاری دیپلۆماتكار و نوێنەرانی وڵاتانی بیانیی سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دایەوە.