بڕیارێك سەبارەت بە مووچەی زیاتر لە چوار هەزار مووچەخۆر دەرچوو
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیێنێت: دۆسیەی چوار هەزارو 189 فەرمانبەر و خانەنشینی رەوانەی دیوانی چاودێری دارایی کراوە کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە.
لە راگەیەندراوێكدا کە وێنەیەیەکی دەست دەزگای میدیایی خواکوڕك کەوتووە تێدا وەزارەتی دارایی رایگەیاندووە:” بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان ( 10819 ) دە هەزارو هەشت سەدو نۆزدە مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمار كراون.
هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:” دوای تەواوکردنی رێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی ( 10819 ) دە هەزارو هەشت سەدو نۆزدە دۆسیەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کە ( 4189 ) چوار هەزارو سەدو هەشتا و نۆ دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ڕیزبەندی:-
یەکەم : 1973 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە.
دووەم: 1849 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە.
سێیەم : 367 کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.
وەک لە راگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە، وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە رێگای دەستەکانیانەوە وردبینی رێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کە لە دوای ( 2020/7/1 ) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزوترین کات لێیان وەربگیرێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.