دزینی ئۆتۆمبێل لەنێو یەکێتی مێژووەکەی بۆ کەی دەگەرێتەوە؟
دزین و لێسەندنی ئۆتۆمبێل لای بەرپرسانی یەكێتی مێژوویەکی دووری هەیە و بۆ پێش راپەڕین و دوای راپەڕینیش دەگەرێتەوە، ئۆتۆمبێلیان دزیوە و بە شانازییەوە لە میدیاكان باسی دەكەن، بەڵام ئەوەی بووەتە جێی پرسیار، جارێكی تر ئەو مێژووە دووبارە دەبێتەوە.
بارزان حەمە عەلی رۆژنامەنووس لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی:” هەر بەجدی لە یەكێتیدا، سەیارە لە خەڵك رفاندن و سەیارە دزین و سەیارە بردن و سەیارە وەرگرتن، مێژوویەكی دێرینی هەیە، پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی وردی لەسەر بكرێ، بۆچی ئەم حزبە هێندە عاشقی رفاندنی ئۆتۆمبێلە؟ ئەسڵەن بۆچی هێندە عاشقی ئۆتۆمبێلە؟ ئەم پارچە ئاسنە چییە پێوەی بچیتە مێژووی چەتەییەوە؟.
ئەو رۆژنامەنووسە، هەروەها نووسیویەتی:” لە ساڵانی پێش راپەڕینیش بەرپرسانی یەكێتی ئەو كارەیان كردووە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیان بردووە.
هاووڵاتییانیش لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بە توانجەوە نووسیویانە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ئۆتۆمبێلەكانمان بگەڕێنینەوە سەربانەكان.
شایەنی باسە، لە دوو رۆژی رابردوو دوو ئۆتۆمبێل كە كاریان تەنیا گواستنەوەی منداڵەكانی لاهور جەنگی بوو بۆ قوتابخانەكانیان، لەلایەن چەند چەكدارێكی یەكێتی لە بەنزینخانەی برایەتی سلێمانی بردران، دوێنێش دوو تۆتۆمبێلی تریان بردران كە یەكێكیان ئۆتۆمبێلی پەروین كاكە حەمە ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی و ئەوەی تریش ئۆتۆمبێلی، لاوێن سەگرمە بەرپرسی پێوەندییەكانی لاهور جەنگی بوون.