مەولود چاوشئۆغلو پەیامێكی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز ئاراستەی مەسرور بارزانی دەكات

“لە دوای بوومەلەرزە ئازاربەخشەكەی وڵاتەكەمان، ئێوە لە نزیكەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی”

ئەمڕۆ دووشەممە مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، پەیامێكی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و تیایدا هاتووە: “بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دۆستی قەدرگرانم، لەگەڵ ژیانەوەی سروشت، لە ناخی هەستەكانمەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزت لێ دەكەم، كە هۆكارێكە بۆ سەوزكردنی هیواكانمان و پتەوكردنی برایەتیی نێوانمان.”

چاوشئۆغلو هەروەها نووسیویەتی: “نەورۆز بە درێژایی مێژوو، رەنگدانەوەی مرۆڤەكان بووە بۆ تێگەیشتنیان لە ژیان لەگەڵ سروشتدا، لەگەڵ ئەوەی سیمبۆلی دووبارە نوێبوونەوە و ژیانەوەیە لە هەمان كاتیشدا سیمبۆلی هاودەنگی و خۆشبەختیە”.

لە درێژەی پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیادا هاتووە: “ئەو رۆژەی وەكو موژدەبەخشی بەهار پیرۆز دەكرێت، لە هەمان كاتیشدا ساتی پتەوكردنی هەستی یەكبوون و پێكەوەیی و هاوسۆزییە، دەمەوێت سوپاستان بكەم كە دوابەدوای كارەساتی بوومەلەرزە ئازاربەخشەكەی وڵاتەكەمان، لە نزیكەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی.”

وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆتاییشدا دەڵێ: “بەم بۆنەیەوە هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ وڵاتەكەمان و گشت جیهان دەخوازم، هیوای تەندروستیی باش و خۆشبەختی و سەلامەتی بۆ كەسایەتی بەڕێزتان و خەڵكی هەرێمی دۆستمان دەخوازم.”

Back to top button